توركیا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم داوای گەرەنتی لە بەغداد دەكات

15-04-2023 04:33

پەرەگراف

تا ئێستا هیچ ئاماژەیەكی نوێ‌ لە توركیاوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان نەهاتووە و توركیا گەرەنتی ئەوەی لە بەغداد دەوێت كە لە چوارچێوەی سكاڵاكەی پاریسدا داوای قەرەبووی زیاتری لێ نەكات، بەپێی پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریكی.

ئەو میدیا ئەمریكییە لە زاری سەرچاوەیەك لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، دەڵێت "بەردەوامیی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت، زیانی گەورە بە كێڵەگانی نەوتی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت".

ڕۆژی 23-3-2023، ژووری ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە دادگای پاریس، سكاڵای دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراق یەكلا كردەوە و توركیای ناچار كرد هەناردەی نەوتی هەرێم ڕابگرێت.

هەرچەندە سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕێككەوتنێكیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە واژوو كرد و بەغداد بە فەرمی داوای لە ئەنقەرە كردووە هەناردەكردنەكە دەست پێ‌ بكاتەوە، بەڵام هێشتا توركیا ڕازی نەبووە.

پێگەی ئەلمۆنیتۆر دەڵێت، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت بەهۆی بەردەوامیی ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتەكانی هەرێم و عێرق و توركیاوەیە.

سەرچاوەكەی كەرتی نەوتی هەرێم ڕایگەیاندووە "كێڵگە نەوتییەكان ئەگەر بە بەردەوامی هەڵنەكەندرێن، بەشێوەیەكی بەردەوام كەم دەكەن، بەوەش بەرهەمهێنان كەمتر دەبێت و كاریگەریی خراپی لەسەر كەرتی وزە و داهاتی نەوت دەبێت".

هەروەها لە ڕاپۆرتی ماڵپەڕە ئەمریكییەكەدا هاتووە "ئەگەر حكومەتی هەرێم نەتوانێت ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنێت، بەتاڵی بكات، تووشی سزا دەبێن".

د. بیلال وەهاب، لێكۆڵەر لە پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیك، دەڵێت "توركیا ڕێگری لە بەدەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەكات و داوا لە بەغداد دەكات داوای قەرەبووی زیاتری لێ‌ نەكات، هەروەها ئەم پرسە وەكوو كارت و جۆرێك لە هەژموون بەكار دەهێنێت".