ئاسایشی ھەولێر: سێ تۆمەتباری سەرەكیی ھێرشکردنەسەر پارێزەرەكە دەستگیركران

15-04-2023 09:03
ئەو سێ تۆمەتبارەی دەستگیرکراون.

پەرەگراف- ھەولێر

ئاسایشی ھەولێر دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوی ھێرشکردنەسەر پارێزەرەکەی ھەولێری ڕاگەیاند.

"دوابەدوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە لایەن چەند کەسێکەوە لە شاری هەولێر هێرش کرایە سەر پارێزەر (محەممەد یابە سۆفی) ودەستدرێژیی کرایە سەر، دوای ئاگادارکردنەوەمان، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردو لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە و بەڕێز وەزیری ناوخۆ 3 تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە دەستگیر کران و لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت" ئاسایشی ھەولێر وادەڵێت.

دەشڵێت "هاووڵاتییانی بەڕێز دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر و هاوشارییانمان ئەرکێکە و بەزاندنیان هێڵی سوورە و تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیر دەکرێن و ڕاپێچی بەردەم دادگایان دەکەین".

ئەو پارێزەرە لەلایەن چەند کەسێکی چەکدارەوە ڕفێندرا، پاش ئەشکەنجەدانێکی تووندو تاشینی سەری، لە بەردەم ماڵەکەى خۆیدا فڕێدراوەو ھەڕەشەی ڕفاندنی ژن و منداڵەکانی لێ کراوە.

پارێزەرەکە هۆکارى روداوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کاری لەسەر دۆسیەیەکی جیابونەوەى دوو هاوسەر کردووە. بە وتەى براى پارێزەرەکە"لایەنى دوەمى دۆسیەکە کە پیاوەکەیە، بە تەلەفۆن پارێزەرەکە بانگهێشتى شوێنێک دەکات و کاتێک پارێزەرەکە دەگاتە شوێنەکە،لەلایەن چوار چەکدارەوە لێیدەدرێت و بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک ئەشکەنجە دەدرێت".

ئەو پارێزەرە بە ڕۆژنامەنووسانی وت "ئەشکەنجەیەکى زۆریاندام و هەمو جلەکانمیان کرد بە خوێن دواتر سەریان تاشیم وتەواوى ئەشکەنجەو سەرتاشینەکانیشیان بە ڤیدیۆ تۆمار کرد".

وتیشى "پێش ئەوەى بەرم بدەن هەڕەشەى زۆر قورسیان لێکردم و پێیان وتم ژن و منداڵەکانت دەڕفێنین و ئەو هەڕەشانەى دەیانکرد زۆرلەکوشتن گەورەتر بوو".

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانە ماوەى دوو ساڵە هەڕەشەى لێدەکەن، داوایشی کرد یاسا سەروەر بێت و لایەنەپەیوەندیدارەکانلەسەر دۆسیەکەی بێنە دەنگ.