مەسرور بارزانی لەبارەی بۆردومانەکەی ئەمشەوی پێنجوێن: هیوادارین ئەم ڕووداوانە کۆتاییان بێت و زیانی لێنەکەوێتەوە

16-04-2023 12:41

پەرەگراف- سلێمانی

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەسەر بۆردومانەکەی ئەمشەوی گوندەکانی قەزای پێنجوێن کە دوو شەھیدو دوو برینداری لێکەوتەوە، پەیوەندیی بەپارێزگاری سلێمانییەوە کردو ھیوا دەخوازێت ئەو ڕووداوانە کۆتاییان بێت.

پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، "لە بۆردومانەکانیئەمشەوی سنوری قەزای پێنجوێنی پرسی، کە تیایاندا ناوچەکانی وریاواو کانی میرانی باباعەلی و ساڵیاوا، کرابوونە ئامانج، پشتیوانیی بەڕێزیانی بۆ پارێزگای سلێمانی و قائیقامییەتی پێنجوێن و خەڵکی سنورەکە؛ دەربڕی و هیوای خواست کە ئەم ڕوداوانە کۆتاییان بێت وهیچ زیانێکی گیانیی و ماڵیی لێنەکەوێتەوە".

"پارێزگاری سلێمانی سوپاسی بایەخ و بەدەمەوەهاتنی خێرای بەڕێزیانی کرد و نیگەرانیی خۆیان و قائیقامییەتی قەزای پێنجوێن و خەڵکیسنورەکەی پەیوەست بەم هێرشانە؛ گەیاندە بەڕێزیان، بە ئومێدی کۆتایهاتنی ئەم هێرشانەو بەدورگرتنی هاووڵاتیانی ناوچەکە بە تایبەتیی کەلە ئێستادا سەرگەرمیی کشتوکاڵ و ژیانی ئاسایی خۆیانن" پەیجی فەرمیی پارێزگای سلێمانی وادەڵێت.

دەشڵێت "بەپێی لێکۆڵینەوە بەراییەکان، لە ئەنجامی ئەم بۆردومانانەدا؛ تا ئێستا دوو کەس شەهیدبوون و دوو کەسی تریش بریندارن. هاوخەمیی خۆمان بۆ شەهیدەکان دەردەبڕین و هیوای چاکبونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین".

ماڵپەڕی حکومەتی ھەرێم لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە دەڵێت، مەسرور بارزانی لە بارودۆخی دەڤەری سلێمانی و پاراستنی ئاسایشو ئارامی ئەو دەڤەرەی پرسی، "سەرۆکی حکومەت نیگەرانی خۆی لە دۆخی نالەباری ئەمنی پارێزگای سلێمانی دەربڕی و پالپشتیحکومەتی بو دابینکردنی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری زیاتری ناوچەکە بە پارێزگار ڕاگەیاند".

بۆردومانەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دراو ھێشتا ھیچ لایەنێکی فەرمیی ناسنامەی قوربانییەکان و لایەنی ئەنجامدەری ھێرشەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەوپێیەی ئەو ناوچەیە ھێزەکانی پژاکی لێیە پێدەچێت ئەوان کرابنە ئامانج و پێشتریش ھەو لەو گوندانە بۆردومانکراون.