پارێزەران بە گردبوونەوەی ناڕەزایی هێرشکردنەسەر پارێزەرەکەی هەولێر ئیدانە دەکەن

16-04-2023 01:21
گردبوونەوەی ناڕەزایی ئەمڕۆی پارێزەران لەبەردەم دادگای هەولێر.

پەرەگراف- هەولێر

پارێزەران لە بەردەم دادگاکانی کوردستان بە گردبوونەوەی ناڕەزایی ئیدانەی هێرشکردنەسەر پارێزەرەکەی هەولێریان کرد، سەندیکای پارێزەران سکاڵا تۆمار دەکات و کەسوکاری پارێزەرەکەش سوڵحی عەشایەری ڕەت دەکەنەوە و هێشتا کەسی چوارەم کە تۆمەتباری سەرەکییە دەستگیر نەکراوە.

سەندیکاری پارێزەرانی کوردستان لە گردبوونەوەیەکدا لە بەردەم دادگای هەولێر بە تووندی ئیدانەی هێرشەکردنەسەر پارێزەر محەمەد یابە سۆفی کرد کە دوێنێ لە هەولێر لەلایەن چەند چەکدارێکەوە ڕفێندراو بە تووندی ئەشکەنجە دراو سەری تاشرا. هاوکات لە سلێمانی و هەڵەبجەو چەند ناوچەیەکی دیکەش پارێزەران گردبوونەوەو هێرشەکەیان ئیدانە کرد.

سەندیکای پارێزەران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەپێی یاسا هێرشکردنەسەر پارێزەر وەک هێرشکردنەسەر دادوەرو دامەزراوە یاساییەکان هەژمار دەکرێت، وتی  "سکاڵا لە دژی تاوانباران تۆمار دەکەین. هیوادارین تۆمەتباری چوارەم کە تۆمەتباری سەرەکییە دەستگیر بکرێت".

هاوکات برایەکی ئەو پارێزەرەی هێرشی کراوەتەسەر ڕایگەیاند، ئەو غەدرەی لە محەمەد کراوە تەنها لەو نەبووە، "چەند ڕەهەندیکی دیکەی هەیە و لەسەر شکۆی دادگاو پارێزەرو شکۆی حکومەتەو زۆر لەو ئازارە گەورەترە کە بەرامبەر محەمەد کراوە".

ئەو برایەی پارێزەرەکە ڕووەو تۆمەتباران وتی "لە دەرگامان نەدەن، بە هیچ شێوەیەک سوڵحی عەشایەریمان قبووڵ نییە".

شەوی ڕابردوو ئاسایشی ھەولێر دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوی ھێرشکردنەسەر پارێزەرەکەی ھەولێری ڕاگەیاند.

"دوابەدوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە لایەن چەند کەسێکەوە لە شاری هەولێر هێرش کرایە سەر پارێزەر (محەممەد یابە سۆفی) ودەستدرێژیی کرایە سەر، دوای ئاگادارکردنەوەمان، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردو لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە و بەڕێز وەزیری ناوخۆ 3 تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە دەستگیر کران و لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت" ئاسایشی ھەولێر وای وت.

وتیشی "هاووڵاتییانی بەڕێز دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر و هاوشارییانمان ئەرکێکە و بەزاندنیان هێڵی سوورە و تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیر دەکرێن و ڕاپێچی بەردەم دادگایان دەکەین".

دوای ڕووداوەکەش، پارێزەرەکە هۆکارى روداوەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کاری لەسەر دۆسیەیەکی جیابونەوەى دوو هاوسەر کردووە. بە وتەى براى پارێزەرەکە "لایەنى دوەمى دۆسیەکە کە پیاوەکەیە، بە تەلەفۆن پارێزەرەکە بانگهێشتى شوێنێک دەکات و کاتێک پارێزەرەکە دەگاتە شوێنەکە،لەلایەن چوار چەکدارەوە لێیدەدرێت و بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک ئەشکەنجە دەدرێت".

ئەو پارێزەرە بە ڕۆژنامەنووسانی وت "ئەشکەنجەیەکى زۆریاندام و هەمو جلەکانمیان کرد بە خوێن دواتر سەریان تاشیم وتەواوى ئەشکەنجەو سەرتاشینەکانیشیان بە ڤیدیۆ تۆمار کرد".

وتیشى "پێش ئەوەى بەرم بدەن هەڕەشەى زۆر قورسیان لێکردم و پێیان وتم ژن و منداڵەکانت دەڕفێنین و ئەو هەڕەشانەى دەیانکرد زۆرلەکوشتن گەورەتر بوو".

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانە ماوەى دوو ساڵە هەڕەشەى لێدەکەن، داوایشی کرد یاسا سەروەر بێت و لایەنەپەیوەندیدارەکانلەسەر دۆسیەکەی بێنە دەنگ.