ململانێی پارتی و یەکێتی کێشە بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینی پێشمەرگە دروست دەکات

20-04-2023 02:15
میدیای یەکێتی دەڵێت ھێزی زێرەڤانی پێشمەرگە خانەنشینەکانیان لەبەردەم بانکی حەمرین لە ھەولێر دەرکردووە

پەرەگراف

لە سلێمانی موچەی خانەنشینانی ئەیلول‌و گوڵان کە سەربە پارتین و لە ھەولێر و دھۆک موچەی خانەنشینی پێشمەرگەكانی یەكێتی راگیرا.

میدیای ھەردوو حیزب یەکتریی تۆمەتبار دەکەن بە ڕاگرتنی مووچەی پێشمەرگە خانەنشینەکانی یەکتریی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان.

بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بۆ دابەشكردنی مووچە، ئەمڕۆ لەگەڵ مووچەی چەند دامەزراوەیەک دەبوو مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە دابەش بكرێت.

ماڵپەڕی باسنیوزی پارتی دەڵێت "كاتێك خانەنشینانی پێشمەرگەی ئەیلوول سەردانی بانكەكانیان كردووە بۆ وەرگرتنی مووچە، مووچەكانیان پێ نەدراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە لایەن قوباد تاڵەبانییەوە فەرمانیان پێ كراوە".

ھاوکات کەناڵی کوردسات نیوزی یەکێتی ھەواڵی ڕاگرتنی مووچەی پێشمەرگە خانەنشینەکانی یەکێتی لە ھەولێر و دھۆک بڵاوکردەوە ودەڵێت "سەرچاوەیەک لە بانکی حەمرین لە هەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمشەو لە وەزیری داراییەوە بڕیارمان بۆ هاتووە، کە مووچەی خانەنشینی پێشمەرگەی یەکێتی نەدەن".

لایخۆیەوە بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی رەتیدەکاتەوە ھیچ فەرمانێکیان بەدەست گەیشتبێت بۆ ئەوەی مووچەی پێشمەرگەی ئەیلوول نەدرێت.

ماکەوان جەمیل بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی بە کوردسات نیوزی وت "تائێستا مووچەی خانەنشینان بۆ بانکەکاننەنێردراوە تا جیاوازی لە نێوانیاندا بکرێت، تەنانەت بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانیش مووچەیان وەرنەگرووە، بۆیە لەئێستادا پلەبەندییان بۆ کردوون و ئەمڕۆ مووچەی کرێکارانی شارەوانی دابەش دەکەن".