مەسرور بارزانی: نابێت هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ شوێنێک رێگر بێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە

20-04-2023 03:28

پەرەگراف

مەسرور بارزانی پەیامێکی لەبارەی راگرتنی مووچەی خانەنشینیی پێشمەرگە بڵاوکردەوەو دەڵێت: نابێت هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ شوێنێکی هەرێم رێگر بێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە.

"نابێت مووچە و قوتی خەلک تێکەڵ بە ململانێ و کێشە سیاسییەکان بکرێت" سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لە پەیامەکەیدا وادەڵێت.

ئەو پەیامە دوای ئەوە ھات، ئەمڕۆ لە سلێمانی و ھەڵەبجە موچەی خانەنشینانی ئەیلول‌ و گوڵان کە سەربە پارتین و لە ھەولێر و دھۆک موچەی خانەنشینی پێشمەرگەكانی یەكێتی راگیرا.

میدیای ھەردوو حیزب یەکتریی تۆمەتبار دەکەن بە ڕاگرتنی مووچەی پێشمەرگە خانەنشینەکانی یەکتریی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان.

بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بۆ دابەشكردنی مووچە، ئەمڕۆ لەگەڵ مووچەی چەند دامەزراوەیەک دەبوو مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە دابەش بكرێت.

دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی

ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتی هاووڵاتیانی خۆمان دەکەین و وێڕای هەموو کۆسپ و تەگەرە و فشارەکان، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانمان باشتر بکەین.

ئێمە لە قۆناغە سەختەکانی کۆرۆنا و فشارە ئابوورییە ناوچەیی و جیهانییەکان، توانیمان لە مووچەدان و سەقامگیرکردنی باری ئابووریی هەرێم بەردەوام بین، لەمەولاش بە یارمەتی خوای گەورە و پاڵپشتی هاووڵاتیانمان لە خزمەتیان بەردەوام دەبین و گەشبینین بە باشتربوونی ڕەوشی هەرێم لە هەموو ڕوویەکەوە.

نابێت هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ شوێنێکی هەرێم رێگر بێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە. نابێت مووچە و قوتی خەلک تێکەڵ بە ململانێو کێشە سیاسییەکان بکرێت. پێویستە داهاتی وڵات  بۆ خزمەتی هاووڵاتیانمان بێت و دەبێت هەموو ئەو کەسانەی ئەو پرۆسەیە پەک دەخەن، لە بەرامبەر خەلک و یاسادا بەرپرسیار بن.

مەسرور بارزانی

2023/4/20