سەردانی شاندی حکومەت بۆ لای قوباد تاڵەبانی بەردەوام دەبێت

21-04-2023 12:21

پەرەگراف

شاندی حکومەتی ھەرێم سەردانی قوباد تاڵەبانی دەکاتەوە بە ئامانجی شکاندنی بایکۆت لەلایەن تیمی وەزاریی یەکێتی و گەڕانەوەیان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کە شەش مانگە بایکۆتیان کردووە.

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و ئەندامی شاندەکە ڕایگەیاند "ئێمە لە حکومەت پێکەوە ئیش دەکەین، بۆیە ئەم سەردانانە شتێکی ئاساییە، پرۆسەی سەردانیکردنی جێگری سەرۆکی حکومەت بەردەوام دەبێت، ناکرێ بڵێین کۆتایی هاتووە یان گەیشتوینەتە ئەنجام، بەڵام بەردەوام دەبین".

ئەو وەزیرەی پارتی وتیشی "ئەو کێشانەی کە هەن کێشەی گەورە نین تا چارەسەر نەکرێن، دەکرێ بە گفتوگۆ لەناو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران هەموو گرفتەکان چارەسەر بکەین".

١٧ی ئەم مانگە یەکەم کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی بۆ گەڕانەوەی تیمی وەزاریی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانیئەنجومەنی وەزیران "بێ ئەنجام کۆتایی هات".

هەریەکە لە پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان، لەهەولێر سەردانی قوباد تاڵەبانییان کرد.

دوای کۆبونەوەکەیان سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە بە پەرەگرافی وت "لە کۆبوونەوەکەدا گوێ لە نیگەرانییەکانی یەکێتی گیراوەو داوایان لێکرا بگەڕێنەوە لە ئەنجومەنی وەزیران نیگەرانییەکانیان بخەنەڕو، بەڵام قوباد تاڵەبانی ڕەزامەند نەبووەو داوای لێکتێگەیشتنی پێشوەختەو چارەسەری کێشەکانی کردووە لەگەڵ تیمی وەزاریی پارتی، پاشان گەڕانەوە بۆ کۆبوونەوەکان".

سەرچاوەکەی پەرەگراف وتیشی "گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە هەر ئەوانەن کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس دەکرێن، بەتایبەت دۆسیە ئەمنییەکان و دۆخی سنوری سلێمانی".

شاندەکەی حکومەت بە ڕەزامەندی مەسرور بارزانی و لەسەر داوای وەزیری شەهیدان سەردانی قوباد تاڵەبانی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی چەند جارێک لە ڕاگەیاندنەکانەوە داوای گەڕانەوەیان کرا بۆ کۆبوونەوەکان.

بایکۆتەکەی تیمی وەزاریی یەکێتی بەهۆی کێشەو ناکۆکییەکانیانە لەگەڵ پارتی، هەرچەندە وەزیرەکانی یەکێتی لە وەزارەتەکانیان کاروبارەکان ڕایی دەکەن، بەڵام مەسرور بارزانی بەوە ڕازیی نییە کە نەچنە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کە خۆی سەرپەرشتیی دەکات.

لەدوای کوژرانی ھاوکار جاف لە ھەولێرو تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی دژەتیرۆری یەکێتی بە ئەنجامدانی ئەوکارە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمەوە، گرژییەکانی پارتی و یەکێتی پەرەیان سەند، مەسرور بارزانی ئەو ڕووداوە بە هۆکاری سەرەکیی بایکۆتەکەی یەکێتی لە قەڵەم دەدات و پێشتر ڕایگەیاند "یەکێتی داوای کپ کردنی دۆسیەی هاوکار جاف دەکات، ئەوەش داوایەکی ناڕەوایە".

بەڵام یەکێتی هۆکاری بایکۆتەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ "ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە خەڵکەوە هەیە"و دەڵێت "داواکاریی حیزبییان نییە"و لەدۆخی دارایی و پڕۆژەکانی سلێمانی نیگەرانن.