مەسرور بارزانی: پەلاماردانی کوردانی پەلکانە و هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە سەرکۆنە دەکەین

21-04-2023 11:43

پەرەگراف

مەسرور بارزانی پەیامێکی لەبارەی شەڕو پێکدادانی نێوان عەرەبی ھاوردەو جوتیارانی کورد لە گوندی پەلکانە بڵاوکردەوەو دەڵێت: پەلاماردانی کوردانی پەلکانە و هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە لە ڕێگەی ترس و تۆقاندن سەرکۆنە دەکەین.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەشڵێت "هێرشی ئەمڕۆی سەر گوندی پەلکانەی ڕۆژئاوای کەرکووک، هەوڵێکی نەزۆکە بۆ تێکدانی ئەو کەشەئەرێنییەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ خەریکین دروستی دەکەین بۆ ئاشتەوایی و چارەسەریی کێشەکان و هەنگاونان بەرەو سەقامگیری".

مەسرور بارزانی ئەوەش دەخاتەڕوو، داکوکی لەسەر جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور دەکەن لەپێناو چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و نەهێشتنی ئاڵۆزی لەو ناوچانە و ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەڕ لە نێوان جوتیارانی کوردو عەرەبە ھاوردەکان لە گوندی پەلکانە سەربە ناحیەی سەرگەڕان لە کەرکوک ڕوویداو چەند کەسێک بە دارو بەرد  برینداربوون، پاشان سوپای عێراق و ھێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنەکەو دۆخەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد.