پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە؛ سەرۆکایەتییەکانی ھەرێم پشتیوانی بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری دووپات دەکەنەوە
پەرەگراف
لەگەڵ بەردەوامی پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، لە یادی ١٢٥ ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی‌دا سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت پشتیوانیی بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری دووپات دەکەنەوە، مەسرور بارزانی دەڵێت: ئازادیی ڕاگەیاندن لە گەشەپێدانی بەردەوامدایە.
ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ئازادیی ڕۆژنامەوانیی بەرتەسک بووەتەوەو ئامارەکانی پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بە بەرزیی ماونەتەوەو ئەوانەشی توندوتیژی و پێشێلکارییەکان دەکەن لە سزا دەربازیان دەبێت.
١٧ی ئەم مانگە لە ھەولێر لەلایەن کەسێکەوە ھێرش کرایەسەر پەیامنێری کەناڵی کەی ئێن ئێن، ٢٠ی مانگیش ماڵپەڕی شارپرێس ڕایگەیاند، بۆ دوەمینجار لەماوەی یەک هەفتەدا، هێزە ئەمنیەکانی هەولێر ھێرشانکردۆتەسەر تیمە ڕۆژنامەناوانیەکانی شارپرێس‌و ڕێگرییان لەڕوماڵی کارە میدیاییەکانیان کردوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆ لە ساڵی 2022 بەلایەنی کەمەوە 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان هەبووە.
"له‌م ياده‌دا هه‌موو پشتيوانييه‌ك بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ڕاده‌ربڕين و ئازاديى قه‌ڵه‌م و نووسين دووپات ده‌كه‌مه‌وه. ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى، بنه‌ما و كۆڵه‌کەيه‌كى سه‌ره‌كيى هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى زيندووى پێشكه‌وتووه، پێويستييه‌كى له‌پێشى بره‌ودان به‌ديموكراسى و ئازادييه‌كان و پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤه، بۆيه ده‌بێ پارێزگارى لێ بكرێت" سەرۆکی ھەرێم لە پەیامێکدا بۆ ١٢٥ ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی وادەڵێت.
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت "وشه به‌رپرسياريه‌تييه، بۆيه داوا له ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان ده‌كه‌م به‌وپه‌ڕى ئه‌مانه‌ت و به‌رپرسياريه‌تييه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ وشه‌دا بكه‌ن و ئازاد و پيشه‌يى و ڕاستگۆيانه هه‌واڵ و ڕووداوه‌كان بگوازنه‌وه. سڵاو و دروود بۆ هه‌موو ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ى له‌سه‌رده‌مى خه‌بات و ئازاديدا گيانيان به‌خشى. ياديان هه‌ميشه به خێر".
ھاوکات مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا دەڵێت "بزاڤی ڕۆژنامەگەری و ئازادی بیروڕا و ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان، لە پەرەپێدان و گەشەپێدانی بەردەوامدایە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕەخساندنی ژینگەیەکیتەندروست بۆ ڕۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی ئازادانە و لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، کار و ئەرکەکانیان بەجێ بگەیەنن".
سەرۆکی حکومەت داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکات، کاربکەن لە پێناو برەودان و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و كولتووری بەیەكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و گرنگیدان بە پرسە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان.
"ئومێدەوارم ئامانجی سەرەكیی میدیاكارانی كوردستان، گەیاندنی ڕاستی و زانیاری باوەڕپێکراو و هاوسەنگ و خزمەتكردنی خەڵك و هاووڵاتیانی كوردستان و بەرگریکردن بێت لە مافەکانی خەڵکی کوردستان. نابێت دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ببنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هزری توندڕۆیی و هاندانی توندوتیژی و سووکایەتیکردن بە خەڵک و بەها و سیمبۆلە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان" مەسرور بارزانی وادەڵێت.
ئامارەکان زیادبوونی زەوتکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان پیشان دەدەن بە درێژایی ساڵەکان، 353 سەرپێچی لە ساڵی 2021 و 385 لەساڵی 2020 و 231 لە ساڵی 2019.
راپۆرتەکانی سەنتەری میترۆ بۆ دەیەی ڕابردوو ئەوە پیشان دەدات کە لە 2013وە جموجوڵەکان بۆ سنوردارکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری توندتربوون.