بافڵ تاڵەبانی: هەندێک ناوچە بووەتە جێگەیەک بۆ کپکردن و زیندانیکردنی دەنگە ئازادەکان

22-04-2023 02:59

پەرەگراف 

بافڵ تاڵەبانی لە یادی ١٢٥ ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا دەڵێت: هەندێک ناوچەی هەرێم بووەتە جێگەیەک بۆ کپکردن و زیندانیکردنی دەنگە ئازادەکان. تۆمەتی ناڕەوا بۆ رۆژنامەنووسان دروستدەکرێت و وێنەیەکی نەخوازراوی هەرێم پێشکەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێت.

ئەو وتانەی بافڵ تاڵەبانی کە مەبەستی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتییە، لەکاتێکدایە بەشێک لە توندوتیژی و پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئەو حیزبەوە ئەنجام دەدرێن.

سەرۆکی یەکێتی لە پەیامێکدا ئاماژە بەوەدەکات، رۆژنامەگەریی ئازاد و فەراهەمکردنی ئازادیی بیروڕا پایەیەکی گرنگی دیموکراسین و هێمای گەشەسەندن و پێشکەوتنی وڵاتە.

"ئێمە باوەڕی تەواومان بە رۆژنامەگەری ئازاد و رۆژنامەنووسی بوێر هەیە. هەرگیزیش خۆمان لە سەروو رەخنەوە نەبینیووە و پشتیوانی هەرهەوڵێکیش دەکەین کە هەڵەکانمان دەستنیشان بکات و رێگا راستەکەمان نیشان بدات. بۆیە لەسەر هەمان ئەو بیروباوەڕە نەگۆڕەی خۆمانبەردەوام دەبین و هاوکار و هەماهەنگی میدیای پیشەیی و هەموو دەنگە دلێر و ئازادەکان دەبین" بافڵ تاڵەبانی وادەڵێت.

ھەر ئەمڕۆ سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت لە دوو پەیامی جیاوازدا پشتیوانییان بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری دووپات کردەوە.

ئەو پەیامانە بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ئازادیی ڕۆژنامەوانیی بەرتەسک بووەتەوەوئامارەکانی پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بە بەرزیی ماونەتەوەو ئەوانەشی توندوتیژی و پێشێلکارییەکان دەکەن لە سزا دەربازیان دەبێت.

١٧ی ئەم مانگە لە ھەولێر لەلایەن کەسێکەوە ھێرش کرایەسەر پەیامنێری کەناڵی کەی ئێن ئێن، ٢٠ی مانگیش ماڵپەڕی شارپرێس ڕایگەیاند، بۆ دوەمینجار لەماوەی یەک هەفتەدا، هێزە ئەمنیەکانی هەولێر ھێرشانکردۆتەسەر تیمە ڕۆژنامەوانیەکانی شارپرێس‌و ڕێگرییان لەڕوماڵی کارە میدیاییەکانیان کردوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆ لە ساڵی 2022 بەلایەنی کەمەوە 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان هەبووە.

"له‌م ياده‌دا هه‌موو پشتيوانييه‌ك بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ڕاده‌ربڕين و ئازاديى قه‌ڵه‌م و نووسين دووپات ده‌كه‌مه‌وه.‌ ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى،‌ بنه‌ما و كۆڵه‌کەيه‌كى سه‌ره‌كيى هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى زيندووى پێشكه‌وتووه،‌ پێويستييه‌كى له‌پێشى بره‌ودانبه‌ديموكراسى و ئازادييه‌كان و پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤه‌، بۆيه‌ ده‌بێ پارێزگارى لێ بكرێت" سەرۆکی ھەرێم لە پەیامێکدا بۆ ١٢٥ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی وادەڵێت.

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت "وشه‌ به‌رپرسياريه‌تييه‌، بۆيه‌ داوا له‌ ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان ده‌كه‌م به‌وپه‌ڕى ئه‌مانه‌ت و به‌رپرسياريه‌تييه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌دا بكه‌ن و ئازاد و پيشه‌يى و ڕاستگۆيانه‌ هه‌واڵ و ڕووداوه‌كان بگوازنه‌وه‌. سڵاو و دروود بۆ هه‌موو ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ى له‌سه‌رده‌مى خه‌بات و ئازاديدا گيانيان به‌خشى. ياديان هه‌ميشه‌ به‌ خێر".

ھاوکات مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا دەڵێت "بزاڤی ڕۆژنامەگەری و ئازادی بیروڕا و ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان، لە پەرەپێدانو گەشەپێدانی بەردەوامدایە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ ڕۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی ئازادانە و لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، کار و ئەرکەکانیان بەجێ بگەیەنن".

سەرۆکی حکومەت داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکات، کاربکەن لە پێناو برەودان و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و كولتووری بەیەكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و گرنگیدان بە پرسە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان.

"ئومێدەوارم ئامانجی سەرەكیی میدیاكارانی كوردستان، گەیاندنی ڕاستی و زانیاری باوەڕپێکراو و  هاوسەنگ و خزمەتكردنی خەڵكو هاووڵاتیانی كوردستان و بەرگریکردن بێت لە مافەکانی خەڵکی کوردستان. نابێت دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ببنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هزری توندڕۆیی و  هاندانی توندوتیژی و سووکایەتیکردن بە خەڵک و بەها و سیمبۆلە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان" مەسروربارزانی وادەڵێت.

ئامارەکان زیادبوونی زەوتکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان پیشان دەدەن بە درێژایی ساڵەکان، 353 سەرپێچی لە ساڵی 2021 و 385  لەساڵی 2020 و 231 لە ساڵی 2019.

راپۆرتەکانی سەنتەری میترۆ بۆ دەیەی ڕابردوو ئەوە پیشان دەدات کە لە 2013وە جموجوڵەکان بۆ سنوردارکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری توندتربوون.