پەرەگراف
ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم دەستگیرکردنی 'دوو باندی مەترسیداری' بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەری ڕاگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: لەماوەی ھەشت رۆژی رابردوودا تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە دوو چالاکیدا دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی وردو گرتنەبەریرێکارە یاساییەکان توانییان "دوو باندی مەترسیداری بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر دەستگیر بکەن".
"ئەو دوو باندە پێکھاتوون لە چوار کەس، بڕی 11 کیلۆگرام لە ماددەی ھۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ و حەشیش دەستیبەسەردا گیراوە" ئەنجومەنی ئاسایش وادەڵێت.
ھەفتەی ڕابردووش ئاسایشی ڕاپەڕین دوو باندی بازرگانیی ماددەی هۆشبەری بە دەیان كیلۆگرام ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر كرد.
ئاسایشی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی، لە دوو چالاکییدا کە یەکەمیان لە ڕۆژی 12-4-2023 بووە، "دوو تۆمەتبار بە چەند جۆر وبڕێكی جیاوازی ماددەی ھۆشبەرەوە لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین دەستگیر كراون و یەكێك لە گومانلێكراوان دانیشتووی شاری ھەولێرە".
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئاسایش، "بڕی هەزار گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ھێرۆین، ١٥٠٠ گرام تریاك، ٥٠٠ گرام ماریجوان و ٥٠ گرام كریستاڵ، هەروەها ئامێری پێوانەكردن و كەلوپەلی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان" دەستی بەسەردا گیراوە.
چالاكیی دووەم لە ڕۆژی 9-4-2023 بووە، كە تێیدا ئاسایش "دەستی بەسەر بڕی (٥٦) كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ بەشێوەی شاراوە لەناو (١٧ قتوی كەتیرە)دا گرتووە".
ئاسایشی ڕاپەڕین وتیشی "ئەو ماددە هۆشبەرە ئامادە كرابوو بنێرێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان".