پەرەراف
لە كاتی لەحیمكردنی تانكییەكی ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر لە شاری كەلار، تانكییەكە تەقییەوە، بەهۆیەوە كەسێك گیانی لەدەست دا و سێ كەسی دیكە بریندار بوون.
هەرچەندە تانكیی بارهەڵگرەكە لەسەر ئۆتۆمبێلەكە داگیراوە و لە زەویدا لەحیم كراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە تەواوی لە گاز بەتاڵ نەكراوەتەوە و پاك نەكراوەتەوە، لە كاتی لەحیمكردنیدا تەقینەوە ڕووی داوە و ئاگرێكی گەورەیش كەوتووەتەوە.
ئەو وەستایەی كە لەحیمی تانكییەكەی كردووە، كوڕێكی گەنج بووە بە ناوی (ئاریان ئیبراهیم مەحموود) كە پۆلیسی گەرمیان دەڵێت "لەدایكبووی ساڵی 1994 و دانیشتووی گەڕەكی شۆڕشی قەزای كەلارە"، گیانی لەدەست داوە.
هەروەها شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە و دوو هاووڵاتیی دیكە كە بەرگریی شارستانی دەڵێت "شاگردی وەستا لەحیمچییەكە بوون"، بەشێكی جەستەیان سووتاوە.
عەقیدی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، دەڵێت "بەهۆی زۆریی ڕێژەی سووتانەكەیانەوە، بریندارەكان ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی دەكرێن".