پاڵەوانێتیی نێوان هەرێمەکان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە ‏دەچێت

24-04-2023 04:50

پەرەگراف

مافی میوانداریكردنی جامی كۆنیفای 2024ـی نێوان هەرێمەكان بە كوردستان ‏بەخشرا و یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانیش دەڵێت: یارییەكان لە یاریگاكانی ‏كوردستان بەڕێوە دەچن‎.‎

شوان عەزیز، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان، بە فەرمانگەی ‏میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی ڕاگەیاند "یارییەكانی ئەو پاڵەوانێتییە لە ‏یاریگاكانی سلێمانی، هەولێر، دهۆك و زاخۆ بەڕێوە دەچن".‏

فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت "مانگی ئاداری ئەمساڵ (٢٠٢٣) شاندێكی ‏كۆنیفا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد، بۆ ئاگەدار بوون لە دۆخی ئەمنی و ‏یاریگاكانی كوردستان، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەكە، بڕیار درا مافی ‏میوانداریكردنی جامەكە بە كوردستان ببەخشرێت".‏

جەلال سەعید، وتەبێژی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان، ڕایگەیاند "لە ‏ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو (٢٠٢٤) یارییەكان دەست پێ دەكەن و ١٦ هەرێم ‏بەشداری دەكەن".‏

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی كرووەتەوە كە "هەشت هەرێم داوای ‏میوانداریكردنی پاڵەوانەتییەكەیان كردبوو، بەڵام دواجار مافی میوانداریكردنی ‏چوارەمین وەشانی جامەكە بە هەرێمی كوردستان بەخشرا".‏

لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ پێشوازیكردن لە هەڵبژاردەی هەرێمەكان و ‏ئامادەیی یاریگاكانی كوردستان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لیژنەی ئۆڵۆمپی دەڵێت ‏‏"ئامادەكاریی تەواو دەكرێت و لە ئامادەباشیدا دەبین بۆ هەر ئەگەرێك".‏

كۆنیفا، ڕێكخراوێكی جیهانیی قازانجنەویستە و پشتگیری لە ھەڵبژاردەكانی ‏تۆپی پێی هەرێمەكان دەكات. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە و ‏یەكەم پاڵەوانێتیش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ بە بەشداریی ١٢ ‏هەڵبژاردە لە سوید بەڕێوە چوو.‏