ئەو کەشتییانەی بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم بە کرێ گیرابوون بە بەتاڵیی بەندەری جەیهان جێدەهێڵن

24-04-2023 07:20

پەرەگراف

دوو کەشتیی نەوتهەڵگر کە بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم بەکرێ گیرابوون لە بەندەری جەیهانی تورکیا، دوێنێ بە بەتاڵیی بەندەرەکەیان بە جێهێشتووە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕەنگە بەمزوانە هەناردەی نەوت دەستپێنەکاتەوە، هەرچەندە هێشتا ٣ کەشتیی بەکرێگیراوی دیکە لە بەندەرەکە لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە، بەپێی ئاژانسی بلومبێرگی ئەمەریکی.

یەک مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگیراوەو نزیکەی ملیارێک دۆلار زیانی بە کوردستان و عێراق گەیاندووە، عێراق دەڵێت کێشەی تەکنیکیی ڕێگرە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەو ڕاپۆرتە میدیاییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن تورکیا بە مەبەست ڕێگەی لەو پڕۆسەیە گرتووە.

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ بە ماڵپەڕی ئەلمەربەدی راگەیاند، گفتوگۆکان بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لە دوایین قۆناغدان، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم رەزامەندبوو نەوتەکەی لە رێگەی سۆمۆوە ھەناردە بکات و پێداچوونەوەش بە سەرجەم گرێبەستەکاندا بکرێت.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، ھۆکاری دەستپێنەکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ لایەنی تورکیی دەگەڕێتەوە، چونکە لەدوای بومەلەرزەکەی مانگی شوباتی ئەو وڵاتەوە بۆریی گواستنەوەی نەوت بۆ جەیھان زیانی بەرکەوتووە، لەم کاتەشدا حکومەتی تورکیا سەرقاڵی چاککردنەوەی ھێڵەکەیە.

تورکیا لە ٢٥ی ئادارەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوکی ڕاگرتووە ئەوەش دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی لە پاریس کە بڕیاریدا بە پێدانی یەک ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبوو لەلایەن تورکیاوە بە عێراق بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە لە بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

بۆریی هەناردەی نەوت ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێم و ٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکی هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرد، زیانی ئەو یەک مانگ ڕاگرتنە یەک ملیار دۆلارە کە نزیکەی ٦٥٠ ملیۆنی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت و ئەوەی دیکەی زیانی نەوتی کەرکوکە کە لە بودجەی عێراق کەوتووە.

ماوەی ٢٠ ڕۆژە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنیان واژۆ کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە میکانیزمێکی نوێ و لە ڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ دەستی پێنەکردووەتەوە.

بەرپرسانی عێراق لە ناویاندا محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران، چەندجارێک ڕایانگەیاندووە کە کێشەی تەکنیکی ڕێگرە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوەدەکەن تورکیا بە مەبەست ڕێگرەو داوا دەکات عێراق داوای قەرەبووی زیاتری لێ نەکات لە چوارچێوەی سکاڵاکەی دادگای ناوبژیوانیی لە پاریس.

ئەو دۆخە لەکاتێکدایە سەرچاوەی سەرەکی داھاتی ھەرێم ھەناردەی نەوتەو بەو پارەیە مانگانە مووچەی فەرمەنبەران دابین دەکرێت، ئێستاش کە لە مانگی ٥ نزیکدەبینەوە، حکومەت بەرچاوی ڕوون نییە چۆن مووچەی مانگی چواری فەرمانبەران دابین بکات و چاوەڕێی دەستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و حکومەتی عێراقە.