وەزارەتی ناوخۆ بۆ حیزبەکان: دەمانچەو کڵاشینکۆف وەکو دیاریی مەبەخشن بە ئەندام و لایەنگرانتان

25-04-2023 05:04
ھەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەک لە ھەڵەبجە، ٣٠-٦-٢٠٢٢

پەرەگراف

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم داوا دەکات، هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی دەمانچه و کڵاشینکۆف له هیچ بۆنەیەکدا وەکو دیاری نەبەخشێت بە ئەندام و لایەنگرانی.

ئەو داوایەی وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا هاتووە کە ئەمڕۆ ئاڕاستەی حیزبەکانی کردو تایبەتە بە یاساو ڕێنماییەکانی بواری چەک.

وەزارەتی ناوخۆ پێنج داواکاریی ئاڕاستەی حیزبەکان کردووەو داوای پاڵپشتی و هاوکارییان لێ دەکات.

داواکارییەکانی وەزارەتی ناوخۆ:

یەکەم/ داوا دەکەین حیزب و هێزه سیاسییەکان بەشداری بکەن له هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنی هاووڵاتیان و ئەندامانیان تا لەباری زۆر پێویستدا نەبێت چەک له ماڵەکانیان نەبێت و چەکی بێ مۆڵەت هەڵنەگرن. بوونی چەک لە هەرماڵێک دەرفەتی توندوتیژی و تاوان و یەکلاکردنەوەی کێشەی تەنانەت بچووکیش به توندوتیژی زیاد دەکات، بۆیه ئەگەر زۆر پێویست نەبێت بۆ سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان و ئەندامانی خێزانەکانیان گونجاونیه چەک لەناو ماڵاندا هەبێت.

دووەم/ پێمان باشه ئاگاداری ئەندام و لایەنگرانتان بکەن ئەوانەی چەکیان هەیه بەپێی یاسا و رێنماییه بەرکارەکان خۆیان بگونجێنن.

سێیەم/ داوا دەکەین کەناڵەکانی میدیاتان بخەنه خزمەت پرۆسەکانی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ناتوندوتیژی بۆئەوەی هانی هاووڵاتیانمان بدەین که ناکۆکییەکان لەڕێی دادگا و پەیوەندییه کۆمەڵایەتییەکان و گفتوگۆ چارەسەر بکەن و پەنا بۆ چەک و توندوتیژی نەبەن.

چوارەم/ داوا دەکەین هیچ حزب و لایەنیکی سیاسی چەک، دەمانچه و کڵاشینکۆف له هیچ بۆنەیەکدا وەکو دیاری نەبەخشێته ئەندام و لایەنگرانی خۆی.

پینجەم/ داوا دەکەین حزب و لایەنە سیاسییەکان لە پێناوی کەمکردنەوەی دەرفەتی تاوان و بەکارهێنانی چەک لە بارەگاکانیان، کۆگای هەڵگرتنی چەکی پاسەوانییەکانیان دروست بکەن بۆئەوەی پاسەوانی بارەگاکانیان تەنیا لەکاتی پاسەوانیدا چەکیان لەلابێت و لەگەڵ خۆيان چەک نەبەنەماڵەوە.

وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، بە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە، زەمینەیەکی باشتر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک و کەمکردنەوەی دیاردەی چەکداریی دروست دەبێت.