کوڕێکی عەبدوڵای کوێخا موبارەک لە چەمچەماڵ کوژرا

25-04-2023 07:08
کوڕە کوژراوەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک

پەرەگراف

کوڕێکی عەبدوڵای کوێخا موبارەک بەرپرسی سەربازیی پارتی، لە قەزای چەمچەماڵ بە دەستڕێژی گوللە کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ پەرەگراف "کوڕەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک ناوی سەرھەدەو تەمەنی ٢١ ساڵە، لە گەڕەکی مامۆستایانی چەمچەماڵ تەقەی لێ کراوە".

عەبدوڵای کوێخا موبارەک یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی چەمچەماڵەو پێشتر ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێک لە ڕەخنەگرە تووندەکانی پارتی بوو، بەڵام دواتر چووەناو پارتی و ھێزێکی سەربازیی بۆ خۆی و برایەکی پێکھێنرا.

لە دوای کوژرانی ئەو کوڕەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک، ماڵی کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی ئەو کوڕە لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە سووتێندرا.

"کوشتنی کوڕەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک بۆ دوژمنایەتییەکی کۆن دەگەڕێتەوەو پێشتریش کوڕێکی ئەو ماڵە کوژراوە" سەرچاوەکەی پەرەگراف وای وت.

هێشتا دەزگا ئەمنییەکان هیچ لێدوان و ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان لەبارەی ڕووداوەکە بڵاو نەکردووەتەوە.