دوو كەس هەڵدەكوتنە سەر نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و پۆلیسێك و كارمەندێك بریندار دەكەن
پەرەگراف
پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی دوو كەسی ڕاگەیاند كە شەوی ڕابردوو هەڵیان كوتاوەتە سەر نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و تەقەیان كردووە، پۆلیسێك و كارمەندێكی پرسگەی نەخۆشخانەكەیان بریندار كردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پۆلیس، كاتژمێر 10:30 خولەكی شەوی ڕابردوو دوو كەس كە "لەژێر كاریگەریی ماددە كھولییەكاندا بوون"، ویستوویانە سەردانی منداڵێك لە نەخۆشخانەی منداڵان بكەن، بەڵام لەلایەن پۆلیس و كارمەندی پرسگەی نەخۆشخانەكەوە ڕێگرییان لێ كراوە.
هەرچەندە ئەو كەسانە ڕێنمایی كراون كە وادەی سەردانیكردنی نەخۆش كۆتایی ھاتووە و منداڵە نەخۆشەكە دایك و باوكی لەلایە و پێویست ناكات ئەوان بچنە لای، بەڵام كاتژمێر 1:30 خولەك تۆمەتبارەكان جارێكی دیكە گەڕاونەتەوە بۆ نەخۆشخانەكە و سوور بوون لەسەر ئەوەی بچنە ژوورەوە.
دواجاریش یەكێك لە تۆمەتبارەكان بە دەمانچە تەقەی لە پۆلیسێك و كارمەندێكی پرسگەی نەخۆشخانەكە كردووە و برینداری كردوون.
لە ڕاگەیەندراوی پۆلیسدا هاتووە "هێزەكانی پۆلیس دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و تۆمەتباری سەرەكی كە تەقەی كردبوو، دەستگیر كرا، تۆمەتباری دووەمیش دوای هەڵاتنی، توانرا لە ماوەیەكی كەمدا دەستگیر بكرێت".
هەردوو تۆمەتبارەكە كە لەدایكبوونی ١٩٨٥ و ٢٠٠٣ـن، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٢٣٢ لە یاسای سزادانی عێراقی، ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "دوو بریندارەكەش لە نەخۆشخانەن و چارەسەری پزیشكی وەردەگرن و دۆخی تەندروستییان جێگیرە".
نیوەڕۆی ئەمڕۆیش عەمید ئاسۆ شێخ تەھا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، سەردانی بریندارەكانی ڕووداوەكەی كرد.