مەسرور بارزانی بۆ تیمی یەکێتی: بگەڕێنەوە با چیتر نەبنەهۆی ئەوەی هاووڵاتییان باجی دەوام نەکردنتان بدەن

26-04-2023 02:56

پەرەگراف

سەرۆکی حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە داوای لە تیمی وەزاریی یەکێتی دەکات بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و دەڵێت، لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بن با چیتر نەبنەهۆی ئەوەی هاووڵاتییان باجی دەوام نەکردنتان بدەن.

ئەو وتانەی مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەی وەزیراندا بووە کە تێیدا ئەنجامی سەردانەکەی شاندی حکومەت بۆ لای قوباد تاڵەبانی بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ کۆبوونەوەکان حکومەت خراوەتەڕوو.

ڕاگەیەندراوی مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە

ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئەنجامی سەردانی تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کە لە لایەن ئەندامانی تیمەکە خرایەڕوو.

وێڕای دەستخۆشیکردنمان لە تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەردان و هەوڵەکانیان، دووپاتمان کردەوە کە چەندین جار داوامان لە بەڕێزان جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و ئێستاش جارێکی دیکە داوا دەکەین کە بگەڕێنەوە و ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی خۆیان لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان جێبەجێ بکەن. هەر کێشە و گرفتێکیش هەبێت کە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژوەندی گشتی بێت، پێویستە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.

جەختمان لەوە کردەوە کە ئێمە دەمانەوێ تیمی یەکێتی بگەڕێتەوە و هیوادارین لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و چیتر نەبنە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان باجی دەوام نەکردنیان بدەن.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، باسمان لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵەی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق کرا کە لەلایەن بەڕێز کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی خرایەڕوو، کە باسی لە ئەنجامی دوا سەردانی بۆ بەغدا و گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ كرد بە مەبەستی کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوە دا کە لەمبارەیەوە گفتوگۆ و هەوڵەکانیان بەردەوامە.

وەزارەتە پەیوەندیدارەکانمان ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان. جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی جووتیارانی کوردستان دڵنیابن کە بەرهەمەکانیان دەکڕدرێتەوە.

لە بڕگەی سێیەمدا، پڕۆژە یاسای ( بەرکارکردن و هەموارکردنی یاسای ڕێکخستنی کاری دڵنیایی عێراقی ژمارە ( (10 ی ساڵی 2005 لە هەرێمی کوردستان ) لە لایەن بەڕێز ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەندین تێبینی و پێشنیار، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد.

دواتر بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تەقەکردن لەناو شاری هەولێر و دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران پێشکەش کرد.

دووپاتمان کردەوە کە پێویستە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ڕێکارێکی پێویست له پێناو سەقامگیرکردنی ئاسایش و پاراستنی هاووڵاتییان بگرنەبەر و بە هیچ شێوەیەک، نابێت چاوپۆشی لە بەرامبەر تاوانباران و سەرپێچیکاران بکرێت و دەبێ دیاردەی چەکهەڵگرتنی نایاسایی و چەکی بێ مۆڵەت سنووردار بکرێت و کۆتایی پێ بێت. داواش لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین کە نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و ترس و تۆقاندن، بەڵکو دەبێ ڕۆڵی گرنگی خۆیان لە پاراستنی ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بگێڕن.

پاشان بەڕێز سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، کورتەیەکی دەربارەی بڵاوبوونەوەی پەتای هەوکردنی پەردەی مێشک (مانەنجایتس) لە نێو منداڵانی پارێزگای هەڵەبجە خستەڕوو و دڵنیاییدا کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کراوە و ڕێکاری پێویست گیراوەتەبەر و نەخۆشەکان چارەسەری پێویست وەردەگرن و دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە.