نووسینگەی مەسرور بارزانی: قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی با واز لە چەواشەکاری و خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن بێنن

26-04-2023 11:07

پەرەگراف

نووسینگەی مەسرور بارزانی ھێرشی تووند دەکاتەسەر قوباد تاڵەبانی و یەکێتی و دەڵێت: ئەگەر قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی هەست بەبەرپرسیاریەتی بەرامبەر خەڵکی سلێمانی دەکەن، با واز لە چەواشەکاری و خۆڵ لەچاوی خەلک کردن بێنن و بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکان وگفتوگۆیەکی بنیاتنەر بکەن.

"هەموو هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەوەی دۆخی دارایی سلێمانیی سەختتر کردووە دەستبردنە بۆداهاتی ناوخۆی ئەو دەڤەرە، کە هەر خودی قوباد و کەسانێک لە ناو حیزبەکەی لێی بەرپرسیارن" نووسینگەی سەرۆکی حکومەت لەڕاگەیەندراوێکدا وادەڵێت.

دەقی ڕاگەیەندراوێک لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ماوەیەکە دامودەزگا میدیایی و کەسانی نزیکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت پرۆپاگەندەی ئەوە دەکەن، کە وەک هەڵوێستێکلەپێناو مافی مووچەخۆرانی سلێمانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە.

بۆ ڕای گشتی ڕوونی دەکەینەوە، کە ئەمەش ستەمێکی دیکەیە لە خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیانی دەکەن. بەرگری لە مافیمووچەخۆرانی سلێمانی ئەرکی هەموو تیمە وەزارییەکانە و ئەگەر ستەمێک بەرامبەر بە خەڵکی سلێمانی هەبێت، بەر لە هەر کەسێکوەزیرانی پارتی و گۆڕان و سوشیالیستیش قبوڵی ناکەن، بۆیە با موزایدە بەسەر خەڵکی سلێمانییەوە نەکرێت.

کێشەی نەهێشتنی سیولە چەندین مانگ بوو لە سنووری سلێمانی هەبوو و لیژنەی بەدواداچوونیش پێکهێنرابوو و کاریان لەسەر ئەو کێشەیەدەکرد و بڕیار بوو کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر ئەنجامەکانی کاری ئەو لیژنەیەش بکرێت، بەڵام کردەوەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف ڕوویداو ئەو پرۆسەیەی پەک خست، چونکە یەکسەر دوای داوای ڕادەستکردنی تۆمەتبارانی کردەوەکە، قوباد تالەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتیهەڵوێستیان وەرگرت و لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کشانەوە.

هەموو هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەوەی دۆخی دارایی سلێمانیی سەختتر کردووە دەستبردنە بۆداهاتی ناوخۆی ئەو دەڤەرە، کە هەر خودی قوباد و کەسانێک لە ناو حیزبەکەی لێی بەرپرسیارن.

باشترکردنی ئەو دۆخەش تەنیا بە جێگیرکردنی سیستەمێکی پتەوی دارایی دەکرێت ئەویش بە جۆرێک کە تەنیا حکومەت چاودێرییەکی وردیلە سەر پرۆسەی کۆکردنەوەی گشت داهاتەکان هەبێت و ئەوجا ئەو داهاتانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بخرێتەوە خزمەت هاووڵاتییانمان.

کرۆکی کێشەی دارایی لە سنووری سلێمانی ئەوەیە کە پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات شەفاف نییە و ڕێگەش نادرێت چاودێرییەکی مەرکەزیلەسەر ئەو پرۆسەیە هەبێت.

شوێنی چارەسەریی گشت ئەم کێشانەش تەنیا کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانە، بۆیە ئەگەر قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی هەست بەبەرپرسیاریەتی بەرامبەر خەڵکی سلێمانی دەکەن، با واز لە چەواشەکاری و خۆڵ لەچاوی خەلک کردن بێنن و بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکان وگفتوگۆیەکی بنیاتنەر بکەن.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2023/4/26