دادگا سزایەكی بەسەر گۆهدار زێباریدا سەپاند كە پارێزەرانی دەڵێن "لە عێراق و هەرێم سزای وا نەسەپێندراوە"

27-04-2023 02:21

پەرەگراف

دادگای ئیستئنافی هەولێر سزای ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری لە دۆسیەی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی هەڵنەوەشاندەوە و تەنیا سزاكەی لە حەوت مانگەوە بۆ پێنج مانگ كەم كردەوە. پارێزەرەكەی دەڵێت "زوڵمێكی گەورە لەو ڕۆژنامەنووسە كراوە و تەحەدا دەكەم لە هەموو عێراق و هەرێم یەك سزای وا سەپێندرابێت".

ئەو ڕۆژنامەنووسە كە لەگەڵ چوار ڕۆژنامەنووس و چالاكی دیكەی بادینان پێشتر سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرابوو و بە بڕیاری سەرۆكی هەرێم سزاكەیان لەسەدا 60 كەمكرایەوە، دەبوو لە ڕۆژی 16-3-2023 ئازاد بكرایە، بەڵام یەک ڕۆژ بەر لە ئازادبوونى ئەم دۆسیەى لە دژ کرایەوە و ئازادكرنی بۆ 16ی ئابی ئەمساڵ دواخرا.

بەشدار حەسەن، ئەندامی دەستەی پارێزەرانی خۆبەخشی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "پاش ئەوەی كە تانەمان لە بڕیاری دادگای كەتنی هەولێر دا لەسەر سزادانی ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری بە حەوت مانگ زیندانی لەسەر گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی، كە هەق وابوو تەنیا پێبژاردن بوایە، بەڵام دادگا لەبری ئەوەی بیكاتە پێبژاردن یان بڕیارەكە هەڵبوەشێنێتەوە، تەنیا تەعدیلێكی سزاكەی كرد".

ئەو پارێزەرە دەڵێت "ئەمە زوڵم و ستەمێكی زۆر گەورەیە لەو ڕۆژنامەنووسە دەكرێت. تەحەدا دەكەم لە هەموو عێراق و هەرێمی كوردستانیش یەك كەس لەسەر ئەم جۆرە سەرپێچییانە سزای بەوشێوەیە توندی بەسەردا سەپێندرابێت".

پارێزەر بەشدار حەسەن پێی وایە بەم بڕیارە "دادگاكان بێمتمانەییەكی ئێجگار گەورەیان لەناو خەڵك دروست كرد".

مافی دوایین تانەدان لە بڕیارەكە ماوە كە داواكردنی "ڕاستكردنەوەی بڕیارە تەمیزییەكە"یە، بەشدار حەسە بۆ پەرەگراف وتی "هەفتەی ئایندە دوایین تانە لە بڕیارەكە دەدەین".

"ئیبن تەیمییە دەڵێت: حاكمێكی كافری دادپەروەر، زۆر باشترە لە حاكمێكی بەناو موسڵمانی ستەمكار و نادادپەروەر. ئاوا بڕوات دەبێت پەنا بەرینە بەر دەوڵەتان تا حاكمێكی كافری دادپەروەرمان بۆ بنێرێت بۆ كەیسی ڕۆژنامەنووس و چالاكان"، ئەو پارێزەرە وای وت.

ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری تۆمەتبار كراوە بەوەی كە لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی لە شۆفرلێتەوە گۆڕیوە بۆ تیۆتا، بەڵام خۆی ئەو تۆمەتە ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت "كە ئۆتۆمبێلەكەم كڕیوە، ئەو لۆگۆیەی پێوە بووە و من نەمگۆڕیوە".

یەكێك لە پارێزەرانی دەستگیركراونی بادینان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "گۆهدار زێباری هەر لەو كاتەی كە ئۆتۆمبێلەكەی لە ئاكرێ‌ كڕیوە، چەمبەر (عەتەر، ئەبەشەی پێشوەی ئۆتۆمبێل كە لۆگۆی كۆمپانیاكەی پێوەیە) گۆڕدراوە و گرێبەستی كڕینی ئۆتۆمبێلەكەشی هەیە".

ئەو پارێزەرە وتیشی "پێمان وایە كاریگەریی دەرەكی لەسەر دادگا هەیە و دەبوو سزاكە زۆر لەوە كەمتر بێت و بكرێت بە پێبژاردن".