دوو ڕۆژە دانیشتووانی دۆڵی سماقووڵی ڕێگای بارهەڵگرەكانیان بۆ هەولێر داخستووە

27-04-2023 05:13

پەرەگراف

بۆ دووەم ڕۆژی لەدوای یەك، دانیشتووانی گوندەكانی دۆڵی سماقووڵی لە خۆپیشاندان بەردەوامن و ڕێگای سەرەكیی هاتوچۆ بۆ هەولێریان بە ڕووی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكاندا داخستووە. ئەمڕۆ لە دۆڵی خۆشناوەتیش ڕێگری لە بارهەڵگرەكان كرا.

دانیشتووانی گوندەكانی دۆڵی سماقووڵی كە دەوروبەری 20 گوندن، دەڵێن "ڕێگاكەمان بەهۆی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەوە بە تەواوی خراپ بووە و حكومەتیش چاكی ناكاتەوە".

ئەوان داوا دەكەن كە "ڕێگاكە چاك بكرێتەوە و چیتریش بارهەڵگرەكان لەو ڕێگایەوە نەچن بۆ هەولێر"، چونكە وەكوو خۆیان باسی دەكەن، "سەرجەم بارهەڵگرەكان لە ڕێگای دۆڵی سماقووڵییەوە هاتوچۆ دەكەن و بوونەتە كێشە بۆ ڕێگاكە و هاتوچۆی خەڵكی ناوچەكەش".

پاش ئەوەی دوێنێ‌ چوارشەممە 26-4-2023، بۆ چەندەمین جار دانیشتووانی گوندەكانی دۆڵی سماقووڵی خۆپیشاندانیان دەست پێ‌ كرد و ڕێگای سەرەكی بەرو هەولێریان داخست، هەر لەسەر ڕێگاكە خێمەیان هەڵداوە و لەوێش خواردن دروست دەكەن و دەمێننەوە.

ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان ئەمڕۆ بە ناچاری ڕوویان لە ڕێگای خۆشانەوەتی كرد بۆ گەیشتن بە هەولێر، بەڵام لەوێش لە گوندی كاموسەكی خۆشناوەتی، لەلایەن دانیشتووانی ئەو ناوچەوە ڕێگای هیران و نازەنین بۆ هەولێریان بە ڕوودا داخرا.

هەرچەندە ئەمە چەندەمین جارە دانیشتووانی گوندەكانی دۆڵی سماقووڵی خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار تا ئێستا بەدەم داواكارییەكەیانەوە نەچووە و هیچ بەرپرسێكی ناوچەیی و باڵای حكومەتی هەرێم سەردانی نەكردوون.