مووچەی شارەوانیی سلێمانی بە "تاكهەزاریی كۆن" دابەش كرا

27-04-2023 07:58

پەرەگراف

ئەمڕۆ مووچەی مانگی ئازاری شارەوانیی سلێمانی دابەش كرا و ھەر فەرمانبەرێك "دەوروبەری ٢٠٠ ھەزار دیناری بە تاكهەزاریی كۆن" پێ دراوە.

فەرمانبەرێكی شارەوانی كە زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار دیناری بە تاكهەزاریی كۆن پێ دراوە و داوای كرد ناوی نەهێنرێت، بە پەرەگرافی وت "لە كاتی وەرگرتنی مووچەكەدا هەندێكمان وتمان وەری ناگرین، بەڵام پێیان گوتین ئەگەر پارەكە بگەڕێتەوە، هیچ گەرەنتییەك نییە دوایی مووچەتان پێ بدەن، ئێمەش لە ناچاریدا وەرمان گرت".

لە كاتێكدا تەنیا چەند ڕۆژێكی بۆ مانگی پێنج ماوە، هێشتا حكومەتی هەرێم مووچەی مانگی سێی بە تەواوی دابەش نەكردووە، لە كاتێكدا وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندبوو كە بەر لە جەژن مووچەی سەرجەم فەرمانبەر و مامۆستا و خانەنشینان دابەش دەكات.

چارەنووسی مووچەی مانگی چواریش هێشتا دیار نییە، بە تایبەت كە ماوەی مانگێكە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە و حكومەتی هەرێم بۆ پێدانی مووچە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.

جگە لە فەرمانبەرانی شارەوانیی سلێمانی كە چەند ڕۆژێكە دژی پێنەدانی مووچەكانیان گردبوونەوە ئەنجام دەدەن، ئەمڕۆ فەرمانبەرانی گرێبەستی سەنتەری ئۆتیزمی سلێمانیش بۆ هەمان مەبەست گردبوونەوەیان ئەنجام دا و بایكۆتی دەوامیان كرد، هەروەها تا ئێستا مووچەی بەشێك لە خانەنشینان دابەش نەكراوە.