د. پشدەر: ڕێژەی تووشبوون بە هەوكردنی پەردەكانی مێشك بەرزە، تکایە ژیانی منداڵەكانیان مەخەنە مەترسییەوە

27-04-2023 09:18

پەرەگراف

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەڵێت "ڕێژەی تووشبووان بە هەوكردنی پەردەكانی مێشكی منداڵ لە ئاستێكی بەرزدایە"، تكا لە هاووڵاتیانش دەكات كە لەبەر هیچ هۆكارێك ژیانی منداڵەكانیان نەخەنە مەترسییەوە و ئەگەر گومانیان كرد منداڵەكەیان تووشی نەخۆشییەكە بوون، سەردانی نەخۆشخانە بكەن.

دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك، دوازانیاریی لەسەر بارودۆخی نەخۆشیی هەوكردنی پەردەكانی مێشكی منداڵ بڵاو كردەوە و ڕایشگەیاند "ڕای زۆربەی پزیشكان لە كۆبوونەوەی زانستی ڕۆژانەی نەخۆشخانە و ئەنجامی پشكنینەكان و نیشانەكانی نەخۆشییەكە و زوو چاكبوونەوە و شێوەی بڵاوبوونەوەی، لەگەڵ هۆكاری ڤایرۆسیدا دەڕوات".

بەڵام بە قسەی دكتۆر پشدەر، ئەو لیژنەیەی لە وەزارەتی تەندرووستی عێڕاقەوە بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری تەشەنەسەندنی نەخۆشییەكە هاتوونەتە سلێمانی، ڕای جیاوازیان هەیە و دەڵێن "دەبێت چاوەڕێی ئەنجامی پشكنینەكانی ئێمە بكرێت، چونكە گومانی بەكتریاش دەكەین".

"دەبێت هاووڵاتیان وریا بن، هەر منداڵێك گومانی لێ كرا، دەبێت سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان بكات بۆ دیاریكردنی نەخۆشییەكە"، دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا وا دەڵێت.

ئەگەر نەخۆشییەكە بەهۆی ڤایرۆسەوە بڵاو بووبێتەوە، لێكەوتەی خراپی بەراورد بە بەكتریا زۆر كەمترە.

بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی هەوكردنی پەردەی مێشكی منداڵان لە ‏سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان، جگە لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، ‏تەندروستیی عێراق و ئێران و تەندروستیی جیهانییشی هێناوەتە ‏سەر خەت. نەموونەی تووشبووان ڕەونەی تاقیگەكانی بەغداد و تاران كراون بۆ پشكنین، تا دڵنیا ببنەوە لەوەی كە نەخۆشییەكە بەهۆی ڤایرۆسەوە بڵاو بووەتەوە یان بەكتریا.

شەوی ٢٥ى ئەم مانگە وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی ‏وەزیر بڕیار درا بە "پێكهێنانی لیژنەیەكی ‏پزیشكی و پسپۆڕیی فراوان بۆ سەردانیكردنی مەیدانیی شاری ‏هەڵەبجە و سلێمانی، بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی زانستیی ‏ڕێكارەكانی پەتازانی و دۆزینەوەی حاڵەتەكان، دەسنیشانكردن و ‏چارەسەرییەكان و پێداویستییەكانی ڕەوشی ئەم نەخۆشییە لە ‏نەخۆشخانەكانی منداڵان".‏

ڕۆژى ٢٧-٤-٢٠٢٣یش تیمێكی وەزارەتی تەندروستیی عێراق گەیشتە سلێمانی ‏بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخۆشییەکە.

هەروەها ٢٥ى مانگ لەسەر داوای بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە، ‏تیمێكی ئێرانی بۆ لێكۆڵینەوە لە نەخۆشییەكە سەردانی شاری ‏هەڵەبجەیان كرد و نموونەی نەخۆشییەكەیان وەرگرت تا ڕەوانەی ‏تاقیگەی تایبەتمەند لە تارانی پایتەختی ئێرانی بكەن.‏

د. مەجید كەیهانفەرد، پسپۆڕی گشتیی مێشك و دەمار لە زانكۆی ‏تاران، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند "پاش دەرچوونی ئەنجامی ‏پشكنینەكان، دەرمانی تایبەت بۆ چارەسەری تووشبووان دیاری ‏دەكەین و بەكار دەهێنرێت".‏

نەخۆشیی هەوكردنی پەردەی مێشكی منداڵان، بەشێوەیەكی ‏سەرەكی بەهۆی بەكتریاوە ڕوو دەدات، هەندێك جاریش بەهۆی ‏ڤایرۆسەوە، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی زیندەوەری دیكەشەوە ئەم ‏هەوكردنە ڕوو دەدات.‏

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، ڕۆژى ٢٦ى ئەم مانگە پاش ‏كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، بۆ ‏میدیاكان وتی "بەپێی ئەنجامی پشكنینەكان، زیاتر ئەم حاڵەتەی ‏ئێستا بەهۆی ڤایرۆسەوەیە و، لە هەوڵی ئەوەداین بزانین جۆری ‏ڤایرۆسەكە چییە".‏

بەڕێوەبەری تەندروستی جەختی لەوە كردەوە كە "تا ئێستا بە ‏شێوەیەكی ڕێكوپێك چارەسەری هەموو ئەو كەیسانە كراوە كە داغڵ ‏كراون و هیچ حاڵەتێكی مردن تۆمار نەكراوە. هەروەها هیچ ‏نیشانەیەكی ترسناك لە نەخۆشەكاندا دەرنەكەوتووە كە جێگەی ‏ترس و دڵەڕاوكێ‌ بێت".‏

تای بەرز و ڕشانەوە، بێتاقەتیی منداڵ، سەرئێشە، بە ڕووناكی ‏ئیزعاج بوون یان هەندێك جار مل ڕەق بوون، لە نیشانە دیارەكانی ‏نەخۆشییەكەن و د. سەباح هەورامی دەڵێت "هەر دایك و باوكێك ‏هەستی كرد منداڵەكەی ئەو نیشانانەی تێدایە، ڕەوانەی ‏نەخۆشخانەی بكەن".‏

تەندروستیی سلێمانی لە هەوڵی ئەوەدایە لە ڕێگەی پشكنینەوە ‏پشتڕاستی بكاتەوە كە ئەو حاڵەتانەی ئێستا هەن، بەهۆی ‏ڤایرۆسەوەن و بەهۆی بەكتریاوە نییە، ئەو كاتە دەتوانن ‏نەخۆشەكان بنێرنەوە بۆ ماڵەوە و تەنیا چارەسەری (تا) وەربگرن. ‏بەڵام دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە ‏سلێمانی، دەڵێت "هەندێك لە حاڵەتەكان بەهۆی بەكتریاوە تووش ‏بوون".‏

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی دەڵێت "ئەگەر حاڵەتەكانی تووشبوون زیاد ‏بكەن، ڕێنمایی تایبەت بە دەوام و خوێندگاكانمان دەبێت".‏

سەبارەت بە زیادكردنی حاڵەتەكانی هەوكردنی پەردەی مێشك، ‏ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە ‏سلێمانی، وتی "ماوەی زیاتر لە مانگێكە حاڵەتەكان بە شێوەیەكی ‏چاوەڕواننەكراو زیادیان كردووە".‏

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان جەخت دەكاتەوە كە "چەندین ‏ساڵە بەردەوام حاڵەتی هەوكردنی پەردەی مێشك هەر هەبووە و ‏پزیشكەكانمان ئاشنان بە نەخۆشییەكە و چارەسەریش بەردەستە، ‏بۆیە پێویست بە ترس و دڵەڕاوكێی زیاد لە پێویست ناكات".‏

زانیاری سەبارەت بە نەخۆشییەكە و نیشانەكانی:‏

هەوكردنی پەردەی مێشك چیە؟ نیشانەكانی چین؟ ئەگەر چارەسەر ‏نەكرێت ئەوكێشە تەندرووستیانە چین كە منداڵەكە لەوانەیە ‏تووشی ببێت؟

بریتیە لە هەوكردنی پەردەی دەوری مێشك و دڕكه پەتك.‏

هۆكارەكانی:‏

لەوانەیە بەكتریا ، ڤایرۆس ، شێرپەنجە، دەرمان، یان پاڕاسایت بێت.‏

نیشانەكانی لەوانەیە یەكێك یان كۆمەڵێك لەو نیشانانەی خوارەوە ‏بێت:‏

بۆ منداڵی بچووكتر لە ۳ مانگ:‏

‏۱- شیرخواردنی كەم ئەبێتەوە.‏

‏۲- ڕشانەوە.‏

‏۳-بێزاری و ئیزعاج بوون .‏

‏٤- تای بەرز.‏

‏٥-گەشكە.‏

‏٦-لەوانەیە پلەی گەرمی لەشی دابەزێت.‏

‏۷- لەشی نەرم ئەبێت واتە بێ هێز.‏

‏۸- شەكرەی خوێنی دابەزێت.‏

‏۹- ئەو بەشەی لە كەللەی سەردا مەڵاشووی پێ ئەڵێن بەرەودەرەوە ‏دەرئەچێت.‏

نیشانەكانی لە منداڵی گەورەتر لە یەك ساڵ لەوانەیە یەكێك یان ‏كۆمەڵێك لەو نیشانانە بێت: ‏

‏۱-ڕشانەوەو دڵ تێكهەڵاتن.‏

‏۲- سەرئێشە.‏

‏۳-هەستیاری بە ڕووناكی زیاد ئەكات، واتە بە ڕووناكی ئیزعاج ‏ئەبێت.‏

‏٤-تای بەرز.‏

‏٥- هۆشی منداڵەكە تێك ئەچێت.‏

‏٦- بێ تاقەتی و ئیزعاج بوون.‏

‏۷- لەوانەیە گەشكەی لێبدات.‏

‏۸- ملی ڕەق ئەبێت.‏

بۆ دیاری كردنی نەخۆشیەكە پێویستە ئاو لە پشتی منداڵەكە ‏دەربهێنرێت، زۆرجار دایك و باوكی منداڵەكە ڕێگە ‏نادەن ئەو شیكارە بكرێت كە زۆر ئاسانەو هیچ كێشەیەك بۆ ‏منداڵەكە درووست ناكات.‏

ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت منداڵەكە لەوانەی ڕووبەڕووی چ ‏كێشەیەكی تەندرووستی ببێتەوە؟

‏۱- لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی.‏

‏۲- كێشەی بینین و لە دەستدانی بینین.‏

‏۳- كێشەی بیستن و لەوانەیە بیستنی بە تەواوی لە دەست بدات.‏

‏٤- گەشكەی بەردەوام.‏

‏٥- ئیفلیج بوون.‏

‏٦- زیرەكی و ئاستی توانای مێشكی كەم بێتەوە.‏

پزیشکێکی پسپۆڕ دەڵێت "تكایە هەرگیز لەبەر كەللـە ڕەقی بەڕێزت ژیانی منداڵەكەت ‏مەخەرە مەترسیەوە چونكە هەركێشەیەك لەوانە ڕووبدات ئەبێ ‏هەموو تەمەنت ئاخ هەڵبكێشیت و لە ئاست منداڵەكەتدا چاو ‏نەكەیتەوەو خزمەتی بكەیت".‏