سەنتەری میترۆ: دوو فەرمانبەرەكەی گەرمیان دادگایی عادیلانە بكرێن

29-04-2023 12:37

پەرەگراف

سەنتەری میترۆ ڕایدەگەیەنێت "زانیارییەكان لەبارەی دوو فەرمانبەركەی گەرمیانەوە ناڕوونن" و داواش دەكات "دادگایی عادیلانە بكرێن و ڕێگە بدرێت پارێزەر و كەسوكاریان بیان بینن".

ئارام حەسەن و شەرمین عەلی كە هاوسەرن و ئێستا فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی باجی خانووبەرەی گەرمیانن، پێشتر ئارام حەسەن، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەروازەی سنووریی پەروێزخان و شەرمین عەلی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەروازەكە بوون، لە نیوەڕۆی چوارشەمە 26-4- 2023، لەلایەن هێزێكی ئاسایشەوە دەستگیر كران.

سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت "لە ڕۆژی دەسگیركردنیانەوە تا ئەمڕۆ، نە پارێزەر، نە كەسوكاریان سەردانی هەردوو دەسگیركراویان نەكردووە، هیچ بەرچاوڕوونییەك نییە بە دیاریكراوی ئەم دوو فەرمانبەرە چۆن دەسەڵاتەكانیان خراپ بەكارهێناوە، چ جۆرە زیانێكیان گەیاندووە بە بەرژەوەندی گشتی؟".

بەپێی بەیاننامەكەی سەنتەری میترۆ، عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ڕایگەیاندووە كە "ئارام حەسەن و شەرمین عەلی بەپێی ماددەی 341 تایبەت بە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر كراون، لە ئێستادا كەیسەكەیان لەژێر لێكۆڵینەوەدایە".

لە ناوەرۆكی ماددی 341 لە یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە، هەر فەرمانبەرێك یان كەسێكی ڕاسپێردراو بە خزمەتی گشتی، بووە هۆكاری زیان گەیاندن بە موڵك و بەرژوەندیی ئەو لایەنەی كاری بۆ دەكات، بە هۆی متەرخەمكی لە بەڕێوەبردنی كارەكەیان، یان خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، یان دروستكردنی پشێوی لە ئەركی وەزیفیدا، سزا دەدرێت بە ماوەیەك كە لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت یان غەرامە دەكرێت.

سەنتەری میترۆ جەخت دەكاتەوە كە "سەرباری هەندێ لێدوانی ڕەسمی دەربارەی هۆكاری دەسگیركردنی شەرمین عەلی، ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و ئارام حەسەنی هاوسەری، بەڵام زانیارییەكان ناتەواوون و تا ئێستا كەسوكاری هەردوو دەسگیركراو بەرچاویان ڕوون نییە و هۆكاری ڕاستەقینەی دەسگیركردنەكە نازانن".