بارزانی: کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترەو پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت

29-04-2023 02:19
سەردانی شاندی نوێنەرایەتی وڵاتان بۆلای مەسعود بارزانی

پەرەگراف

مەسعود بارزانی دووپاتی دەکاتەوە كە کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترە و لەپێناو پاراستنی شەرعییەت و بەهاكانی دیموكراسی، پێویستە لە هەرێمی كوردستاندا ئەمساڵ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

سەبارەت بە چۆنیەتیی بەشداریی پێكهاتەكان لە ھەڵبژاردن کە خاڵی سەرەکیی ناکۆکی نێوان حیزبەکەیەتی لەگەڵ یەکێتی، سەرۆکی پارتی دیموکرات دەڵێت: "پێكهاتەكانی هەرێم خۆیان چ بڕیارێك بدەن ئێمە پشتیوانی ویستی ئەوان دەبین".

ئەو وتانەی بارزانی ئەمڕۆ لە میانی پێشوازیکردنیدا بووە لە شاندێكی هاوبەشی نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان كە پێكهاتبوون لە؛ ڕۆزی كەیڤ كونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەولێر، جاكۆ بیرندس كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر، كلاوس ستریچێر كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لەهەولێر، تۆكلید بیگ بەرپرسی نوێنەرایەتیی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر و  كاتریەن كرۆفت بەرپرسی بەشی سیاسیی كونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر.

بارەگای بارزانی دەڵێت، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان وهەڵبژاردنەكان ئاڵوگۆڕ كرا.

"شاندی میوان وێڕای دەستخۆشی لە دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، جەختیان لە بایەخی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دەستگرتن بە بەها دیموكراتییەكان و پاراستن و بەهێزكردنی بنەماكانی شەرعییەت لە هەرێمی كوردستان كردەوە".

هەر لەو دیدارەدا بارزانی كورتەیەكی لەبارەی "پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە فەرهەنگی دیموكراسی و هەڵبژاردن بۆ شاندی میوان خستەڕوو و ئاماژەشی بەوەدا كە گەلی كوردستان قوربانی داوە بۆ ئەوەی بە ئازادی بژیێت و بەهاكانی دیموكراسی پیادە بكرێت و لە دوای ڕاپەڕینی گەلی كوردستان لە 1991 لە شاری كۆیە بۆ یەكەمجار ڕایگەیاندووە كە پێویستە لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعییەتی دەستووری بڕۆین و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووەو داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە هاوکارو هەماهەنگ بن بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکە لەو وادەیەدا، بەڵام ھێشتا حیزبەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەکە.

سەرباری فشارە ناوخۆییەکان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا کە هەرێمی کوردستان بە هاوپەیمان و دۆست لە قەڵەمیان دەدات، فشار دەکەن و داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەن لە وادەی خۆیدا.

سەرۆکایەتی هەرێم داوای لە پەرلەمانی کوردستان کردووە ڕێوشوێنە یاساییەکانی تایبەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن تەواو بکات، هەروەها داوا لە حیزبەکان دەکات ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و بەرژەوەندیی خەڵک بخەنەسەرووی بەرژەوەندیی حیزب، لە پێناو بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لە کاتی دیاریکراودا.

نێچیرڤان بارزانی ساڵی ڕابردوو ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریکرد بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکانەوە پڕۆسەکە ئەنجام نەدراو پەرلەمان بەبێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ماوەی ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە بە ئامانجی ئەوەی تا کۆتایی ٢٠٢٣ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیکەی نیوەی تەمەنی بە درێژکردنەوەی بەسەر بردووە.