تووشبوون بە هەوكردنی پەردەكانی مێشكی منداڵ لە هەڵەبجە لە هەڵكشاندایە

29-04-2023 04:32

پەرەگراف

ئاماری تووشبوون بە هەوكردنی پەردەكانی مێشكی منداڵ لە پارێزگای هەڵەبجە لە هەڵكشاندایە، نەخۆشخانەی منداڵان شوێنی نەماوە و بەهۆی زۆریی ژمارەی تووشبووانەوە نەخۆشخانەی وەفا بە ڕووی تووشبووانی نەخۆشییەكەدا كرایەوە.

دكتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروسیتی هەڵەبجە، ڕایگەیاند "قاوشی منداڵان لە نەخۆشخانەی منداڵبوون توانایەكی سنوورداری هەیە، دوای ئەوە نەخۆشخانەكە بە زوویی پڕ بوو، بۆیە پێویستمان بە پلانی بی هەبوو و بەشێك لە نخۆشەكانمان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی وەفا كە پێشتر بۆ تووشبووانی كۆرۆنا بەكارهێنرابوو".

تا ئێستا 65 منداڵ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە نەخۆشیی هەوكردنی پەردەكانی مێشكیان تێدا دیاری كراوە، 36یان چارەسەریان وەرگرتووە و نێردراونتەوە بۆ ماڵەوە، 29 منداڵیش لە نەخۆشخانەكاندا ماون.

بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت "ڕۆژانە كەیسی تووشبوونمان هەیە، ئەمڕۆ چوار حاڵەت و دوێنێش دوو حاڵەتی نوێی پۆزەتیڤ تۆمار كراون. گومانمان هەیە لە ماڵەوەش تووشبوو هەبێت كە هێشتا نەهاتبنە نەخۆشخانە".

دكتۆر ئازاد مستەفا ئاماژەی بەوە كرد كە نەخۆشییەكە بەردەوام هەبووە، بەڵام جیاوازیی حاڵەتەكانی ئێستا ئەوەیە كە "ڕێژەیەكی زۆر لە ماوەیەكی كەمدا تۆمار كراوە، كە پێشتر لە ساڵێك بۆ دوو ساڵدا ئەو ژمارەیە تۆمار كراوە".

"نموونەی نەخۆشییەكە نێردراوە بۆ بەغداد، ئێران، هەولێر، زانكۆی چەرموو و شوێنەكانی دیكە، چاوەڕێی هەموو ئەنجامەكان بگەڕێتەوە و ئەوكات یەكلا دەكرێتەوە كە نەخۆشییەكە بەهۆی ڤایرۆس و یان بەكتریاوە بڵاو بووەتەوە"، بەڕێوەبەری تەندروسیتی هەڵەبجە وای وت.