وزارەتی ناوخۆ هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان: چەكەكانتان تۆمار بكەن، ئەگینا سزا دەدرێن

29-04-2023 08:49

پەرەگراف

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان كە تا 21ی تەمووزی ئەمساڵ چەكەكانیان لە بنكەكانی تۆمركرن تۆمار بكەن، بە پێچەوانەوە لە دوای ئەو بەروارە چەك بە هەر كەسێك بگیرێت، خۆیشی دەستگیر دەكرێت و سزا دەدرێت، كە سزاكە بەندكردنی تا سێ‌ ساڵ و سزای ماددیی تا پێنج ملیۆن دیناری تێدایە.

بەگوێرەی ڕێنمایی ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠٢٢ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، ماوەی یەك ساڵ دراوە بە هاووڵاتیان كە چەكە بێمۆڵەتەكانیان لە یەكێك لەو ٤٢ بنكەیە تۆمار بكەن كە لە سەرتاسەری هەرێم كراونەتەوە، كە لە ٢١ی تەمووزی ئەمساڵ ئەو ماوەیە كۆتایی دێت.

وەزارەتی ناوخۆ هاووڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە كە "ئەو چەكانەی تۆمار دەكرێن، دەستیان بەسەردا ناگیرێت، بەڵام هاووڵاتی نابێت ئەو چەكە بباتە دەرەوە و هەڵی بگرێت". هەروەها "چەكی تۆماركراو دواتر دەتوانرێت داوای مۆڵەتی بۆ بكرێت، یان بفرۆشرێت".

وەزارەتی ناوخۆ ڕایدەگەیەنێت "هەر چەكێك لە دوای ئەو بەروارە بەدەست هاووڵاتییەوە بگیرێت، هاووڵاتییەكە دەستگیر دەكرێت و بەگوێرەی ماددەی ١٥ی یاسای چەكی ژمارە دووی ساڵی ٢٠٢٢ سزا دەدرێت".

بەپێی بڕگەی یەك لە ماددەی ١٥ی یاسای چەكی ژمارە دووی ساڵی ٢٠٢٢، هەر كەسێك بەبێ مۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان، دەستداریی چەكێكی ئاگرین یان تفاقی بكات، هەڵی بگرێت، یان بیفرۆشێت، چاكی بكاتەوە یان دەستاودەستی پێوە بكات، بە بەندكردن كە لە ماوەی یەك ساڵ كەمتر نەبێت و سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها بە پێبژاردنێك كە لە دوو ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.