فراكسیۆنی پارتی: بەر لە ١٨ی ئایار كۆمیسیۆن كارا بكرێتەوە و یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێت

30-04-2023 01:14

پەرەگراف

فراكسیۆنی پارتی داوا دەكات بەر لە ١٨ی ئایار كە دەكاتە شەش مانگ بەر لە وادەی هەڵبژاردن، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم كارا بكرێتەوە و یاسای هەڵبژاردنیش هەموار بكرێت.

لە یاداشتێكدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانی كردووە، فراكسیۆنی پارتی داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات كە "لە نزیكترین كاتدا دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت".

لە یاداشتەكەدا دوو خاڵ خراوەتە ڕوو كە لە خاڵی یەكەمدا هاتووە "پێویستە لە چەند ڕۆژی ئایندەدا متمانەدان بە ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان بخرێتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمان".

فراكسیۆنی پاررتی جەخت دەكاتەوە كە "بەر لە ١٨-٥-٢٠٢٣ كە دەكاتە شەش مانگ بەر لە وادەی دیاریكراوی هەڵبژاردن، كۆمسیۆنێكی كارا هەبێت و هیچ بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەمێنێت".

سەبارەت بە كێشەكان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، فراكسیۆنی پارتی پێی وایە "لێكتێگەیشتنی ئەرێنی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان هەیە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و لەم بارەیەوە پارتی نەرمیی زۆری نواندووە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا ئەنجام بدرێت".

فراكسیۆنەكە داوا دەكات "سەرجەم ئەو پێشنیازەیاسایانەی لەلایەن فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمان پێشكەش كراون، خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت و بچێتە ناو پرۆسەی یاسادان، تاوەكو بەر لە ١٨-٥-٢٠٢٣ یاسای تازەی هەڵبژاردن لە بەردەستی كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا بێت و هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا ئەنجام بدرێت".

هەر دوێنێ‌ بۆ چەندەمین جار مەسعود بارزانی جەختی كردەوە كە "كوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترە و لەپێناو پاراستنی شەرعییەت و بەهاكانی دیموكراسی، پێویستە لە هەرێمی كوردستاندا ئەمساڵ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت".

سەبارەت بە چۆنیەتیی بەشداریی پێكهاتەكان لە ھەڵبژاردن كە خاڵی سەرەكیی ناكۆكی نێوان حیزبەكەیەتی لەگەڵ یەكێتی، سەرۆكی پارتی دوێنێ‌ لە میانی پێشوازیكردنیدا لە شاندێكی هاوبەشی نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان، وتی "پێكهاتەكانی هەرێم خۆیان چ بڕیارێك بدەن، ئێمە پشتیوانیی ویستی ئەوان دەبین".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كردووەو داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە هاوكارو هەماهەنگ بن بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكە لەو وادەیەدا، بەڵام ھێشتا حیزبەكان بەتایبەت پارتی و یەكێتی نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە.

سەرباری فشارە ناوخۆییەكان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان و وڵاتانی ڕۆژئاوا كە هەرێمی كوردستان بە هاوپەیمان و دۆست لە قەڵەمیان دەدات، فشار دەكەن و داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكەن لە وادەی خۆیدا.

سەرۆكایەتی هەرێم داوای لە پەرلەمانی كوردستان كردووە ڕێوشوێنە یاساییەكانی تایبەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن تەواو بكات، هەروەها داوا لە حیزبەكان دەكات ناكۆكییەكانیان وەلابنێن و بەرژەوەندیی خەڵك بخەنەسەرووی بەرژەوەندیی حیزب، لە پێناو بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە لە كاتی دیاریكراودا.

نێچیرڤان بارزانی ساڵی ڕابردوو ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكانەوە پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان بەبێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ ماوەی ساڵێك تەمەنی خۆی درێژكردەوە بە ئامانجی ئەوەی تا كۆتایی ٢٠٢٣ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

لە ٣٠ ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا بكرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیكەی نیوەی تەمەنی بە درێژكردنەوەی بەسەر بردووە.