حکومەتی ھەرێم: دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەین

02-05-2020 06:12

پەرەگراف

مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندی حکومەتی ھەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد کوبووەوەو بڕیاردرا بەپێی توانای دارایی بەردەستی حکومەت دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.

ھاوکات دەست دەکرێت بە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی لای کۆمپانیاکانەو یاسای چاکسازیی دەخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، دژایەتیی ھەر ھەوڵێکی دوو ئیدارەیی دووپاتکرایەوە.

ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە

ئەمڕۆ شەممە 2020/5/2 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی حکومەتی هەرێم کە هەفتەی رابردوو سەردانی بەغدایان کردبوو کۆبووەوە و بڕیاردرا بە گوێرەی توانا دارییەکانی حکومەت، دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.
 
لە کۆبوونەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی شاندەکە و ئەندامانی شاندەکە ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا و گفتوگۆیان لە گەڵ کاربەدەستەکانی حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو.
 
جەخت لە سەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان لە گەل بەغدا کرایەوە بە ئاراستەی پاراستن و دابینکردنی ماف وشایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا بۆ درێژەدان بە دانوستان، شاندەکە دووبارە سەردانی بەغدا بکاتەوە .
 
لە تەوەرێکی دیکەدا دۆخی دارایی ئێستای حکومەت تاوتوێ کراو سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، بە پێی ئەو توانا داراییەی ئێستا لە بەردەستە، دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.
 
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوون لە سەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرایەوە . هەروەها بڕیاردرا لەم هەفتەیەدا و دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی دیاریکراو بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی قەرزداری حکومەتن. رێوشوێنی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکومەت دەست پێبکات.
 
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەکەدا، سەبارەت بەو داواکارییانەی کە ئێستا لە بارەی لامەرکەزی ئیداریی لە ئارادان، لایەنە بەشدارەکانی حکومەت جەختیان لەوە کردەوە کە پرسی لامەرکەزی ئیداری و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆکایەتی حکومەت، بە شێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەختیشیان لە یەکپارچەیی کیانی هەرێمی کوردستان و دژایەتی هەرجۆرە هەوڵێک بۆ دوو ئیدارەیی کردەوە.