ئینستتیوتی پەی: پەرلەمان 410 یاسای دەركردووە، لەسەدا 80ی یاساكانی پێشێل كراون

30-04-2023 09:06

پەرەگراف

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ئینستتیوتی‌ پەی‌، لە ماوەی یەك ساڵ كاركردنی پەرلەماندا، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی یەك چركە قسەی نەكردووە، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتیش هەشت چركە قەسی كردووە، هەروەها پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكگرتوویش زۆرترین قسەی كردووە كە دوو كاتژمێر و 19 خولەك و 46 چركەیە.

د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی ئینستتیوتی‌ پەی‌ بۆ پەروەردە و گەشەپێدان كە ڕێكخراوێكی‌ ناحكومییە، دەڵێت "پەرلەمانی كوردستان بێ‌ بایەخ كراوە و لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە گوێی لێ‌ ناگیرێت. لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان حیساب بۆ بڕیار و یاساكانی ناكەن".

د. سەروەر عەبدولڕەحمان ئەمڕۆ لە كاتی بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتی ئینستتیوتی‌ پەی‌ سەبارەت بە كار و چالاكییەكانی پەرلەمان لە 1-3-2022 تا 28-2-2023، وتیشی "پەرلەمان لە وڵاتی ئێمەدا كە پێویستە گرنگرترین دامەزراوە و مەرجەع بێت كە هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەموو پرسە چارەنووسسازەكان بۆی بگەڕێنەوە، بەڵام پێچەوانە بووەتەوە".

سەرۆكی ئینستتیوتی پەی وتیشی "پەرلەمان نەیتوانیوە یاسای پێویست دەربكات، چاودێریی حكومەت بكات، لە هەموو تەمەنی خۆیشیدا 410 یاسای دەركردووە، دەتوانم بڵێم لەسەدا 80ی یاساكانی پێشێل كراون".

بەپێی ڕاپۆرتەكەی ئینستتیوتی پەی، زۆرترین قسەكردنی پەرلەمانتاران بەم شێوەیە بووە، ئیسماعیل عەلی تەها لە فراكسیۆنی یەكگرتوو: دوو كاتژمێر و 19 خولەك و 46 چركە، عومەر گوڵپی لە فراكسیۆنی كۆمەڵ: دوو كاتژمێر و پێنج خولەك و 48 چركە، مەم بورهان قانع پەرلەمانتاری سەربەخۆ: یەك كاتژمێر و 45 خولەكو 42 چركە.

كەمترین قەسەكردنی پەرلەمانتارانیش بەم شێوەیە بووە، لەیلا عەبدولجەبار لە فراكسیۆنی پارتی: هیچ قسەیەكی نەكردووە، جیهاد حەسەن ئیبراهیم لە فراكسیۆنی پارتی هەشت چركە و سەلمە فاتیح تۆفیح لە فراكسیۆنی یەكێتی 20 چركە قسەیان كردووە.