نەوەی نوێ داواکاریی گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەگەیەنێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق

02-05-2023 12:38

پەرەگراف

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغداد سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردو داواکاریی گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی پێ گەیاند.

سروە عەبدولواحید ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، داوای کردووە میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەو جێگیرکردنی لە یاسای بوودجەدا.

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ داواشی کردووە، ڕەچاوی هاوسەنگیی بکرێت لە دابەشکردنی بوودجە لە نێوان سەرجەم پارێزگاکاندا بەبێ جیاوازیی.

ئەوە لەکاتێکدایە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەی سوودانی کرد، داوای کرد بڕگەیەک بۆ پڕۆژەی یاسای بودجەی گشتی عێراق و بەشە بودجەی هەرێم زیاد بکات، بەشێوەیەک مانگانە بڕێک پارە کە لەسەدا ١٠ کەمتر نەبێت بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی کوردستان بگێڕدرێتەوە تا ئەوکاتەی تەوای مووچە پاشەکەوتکراوەکانیان بۆ دەگێڕدرێتەوە.

ئەو داواکارییەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەکاتێکدایە کە لەئێستادا بودجەی گشتی عێراق لە پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، تیایدا بەشە بودجەی هەرێم بە ڕێژەی لەسەدا 12.67 دیاریکراوە، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد.

دوو ڕۆژ دوای ڕەوانەکردنی پڕۆژەکە بۆ پەرلەمانی عێراق، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، پێشوازی لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەکەن و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، میکانیزم و ڕێکاری پێویست دادەنێن بۆ ئەوەی بڕگەکانی ئەم یاسایە لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێ بکرێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، جەختی لەوە کردەوە کە هەروەک چۆن لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ هەبووە، پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەش، هەماهەنگیی و لەیەکتێگەیشن لە نێوان هەردوولادا هەبێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات ئەم پڕۆژە یاسایە، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەند بکرێت تاکو هەرچی زووە، بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.