پەرلەمانتارێكی كورد پرسی كورسیی پێكهاتەكانی هەرێم دەباتە دادگای فیدراڵی

02-05-2023 07:04

پەرەگراف

پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق، لە دادگای باڵای فیدراڵی سكاڵای لەسەر كورسیی ‏پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان تۆمار كرد. سۆران عومەر دەڵێت "داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ‏ماددە یاساییەم كردووە كە ١١ كورسیی كۆتای بە سێ‌ پێكهاتەی توركمان و مەسیحی و ئەرمەن ‏بەخشیوە، بەڵام پێكهاتەكانی دیكەی بێ‌ بەش كردووە".‏

سۆران عومەر، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف وتی ‏‏"بەپێی یاسای ژمارە دووی ساڵی 2009 كە هەمواری چوارەمی یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 1992ی ‏پەرلەمانی كوردستانە، پێنج كورسیی پەرلەمان بە توركمان و پێنج كورسی بە مەسیحی و یەك ‏كورسی بە ئەرمەن دراوە، ئەمەش پێچەوانەی یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان - ژمارە 5ی ساڵی ‏‏20015ی پەرلەمانی كوردستانە".‏

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "ئەو سێ‌ پێكهاتەیە مافی پێكهاتەكانی دیكەیان خواردووە و دابەشكردنی ‏كورسییەكان بەو شێوەیە، پێچەوانەی ماددەكانی 13، 16 و 20ی دەستووری عێراقە".‏

سۆران عومەر بۆ پەرەگراف وتیشی "دەبێت كورسیی پێكهاتەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و بەپێی ‏پێكهاتەی حەقیقی و پێوەر دابەش بكرێتەوە".‏

بەپێی ماددەی هەشتەمی (یاسای ژمارەی 2ی ساڵی 2009ی یاسای مەمواركردنی چوارەمی یاسای ‏هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردستان - عێراق ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەمواركراو)، پێنج ‏كورسی بۆ توركمان و پێنج كورسی بۆ كلدان سریان ئاشووری و یەك كورسی بۆ ئەرمەن تەرخان ‏دەكرێت كە پاڵێوارانی هەریەك لەو پێكهاتانە كێبڕكێی لەسەر دەكەن.‏

پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان كە پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینین، نەتەوەكان بریتین (توركمـان، ‏كـلدانی، سـریانی، ئاشووری و ئەرمـەنی)، كە لە ڕووی ئایینییەوەلا بریتین لە (مەسیحی، ئێزیدی، ‏سابیئەی مەندائی، كاكەیی، شەبەك، فەیلی و زەردەشتی).‏

پرسی كورسیی پێكهاتەكان، كێشەیەكی سەرەكیی نێوان حیزبەكانی هەرێمی كوردستانیشە بۆ ‏هەڵبژاردنی ئەم جارە، كە پاش چەندین كۆبوونەوە، تا ئێستا بە تایبەت پارتی و یەكێتی لەسەر ئەو ‏پرسە ڕێكنەكەوتوون.‏