فشارەکان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پارتی زەنگی دواخستنەوەی لێدەدات

02-05-2023 11:00

پەرەگراف

فشارە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ڕێککەوتنی لایەنەکان لەسەر ئەو پرسە، بەڵام هێشتا ئاسۆیەکی ڕوون نییەو پارتی زەنگی دواخستنەوەی هەڵبژاردن و ئەنجامنەدانی لێدەدات لەماوەی ئەمساڵدا، بۆ ئەوەش پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی یەکێتی دەکات و ئەو حیزبەش ڕەتی دەکاتەوە.

لە چوارچێوەی فشارەکاندا، ئەمڕۆ شاندیکی هاوبەشی كونسوڵخانه‌ و نوێنەرایەتییەكانی ئەمریکاو وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپاو كه‌ندا له‌ هه‌ولێر سەردانی سەرۆکی پەرلەمانیان کردو دواین په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان تاوتوێ کران.

پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆکی پەرلەمان سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی نێردەی وڵاتان کردووە کە هاوکارو هەماهەنگ بوون بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان، هاوکات ڕوانگه‌ی خۆی له‌سه‌ر به‌شێك له‌ خاڵه‌ ناكۆكه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ڕوونكردووەتەوەو هیوای خواستووە "له‌ ده‌رفه‌تێكی كورتدا بتوانن سه‌رجه‌م ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م پڕۆسه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسییانه‌ تێپه‌ڕێنن و بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتنی كۆتایی".

لایخۆیانەوە کونسوڵ و نێرده‌ی وڵاتان داوایان کردووە لە ئایندەیەكی نزیكدا لایەنەكان بگەن بە داڕشتنی كۆتایی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پێكھاتن لەسەر تێكڕای خاڵە جیاوازەكانی نێوانیان.

هەرلەسەر پرسی هەڵبژاردن، ئەمڕۆ فراکسیۆنی پارتی زەنگی ئەنجامنەدان و جارێکی دیکە دواخستنی هەڵبژاردنەکەی لێداو یەکێتیی تۆمەتبارکرد بەوەی لەمپەر لەبەردەم پڕۆسەکەدا دروست دەکات.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا 18 خاڵی خستەڕوو کە هەڵوێست و هەوڵەکانی پارتییە بۆئەنجامدانی هەڵبژاردن و وتی، پێویستە خەڵکی کوردستان بزانێت کێ هۆکاری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە.

وتەبێژەکەی فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند "هەنگاوەکانمان بۆ هەڵبژاردن لەبەردەم بنبەست دایەو، جۆرێک لە بێهیوایی دروستبووە کە خەریکە ئەمجاریش هەڵبژاردن نەکرێت، هۆکاری سەرەکی ئەوەش یەکێتی نیشتمانی کوردستانە".

پێشەوا هەورامانی وتیشی "هەر دەستپێشخەرییەک دەخەینەڕوو لە بەرامبەریدا یەکێتی لەمپەرێک دروست دەکات و یەکێتی لە هەر هەنگاوێک کە بەڵێنیداوە، لە جاری داهاتوودا بەشێوەیەکی دیکە هاتوونەتە پێشەوەو ئەگەر ئەمڕۆ یەکێتی 10 مەرجی هەبێت بۆ هەڵبژاردن و پارتی بەهەموویان رازیبێت، رۆژی دواتر 10 مەرجی دیکە دادەنێت و ئامانجیشی ئەوەیە هەڵبژاردن نەکرێت".

ئەو تۆمەتانەی پارتی ڕووەو یەکێتی لە کاتێکدایە ئەو حیزبەش دەڵێت، ئەوان سوورن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پارتی لە بەڵێنەکانی پاشگەزبووەتەوە.

ناکۆکی سەرەکیی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر کورسیی پێکهاتەکانەو یەکێتی دەڵێت، ناچنە هه‌ڵبژاردنێكه‌وه‌ كه‌ پارتی 11 كورسییەکەی پێکهاتەکانی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلایی كردبێته‌وه‌و داوای گۆڕانکاریی لە سیستمی هەڵبژاردن و کورسیی پێکهاتەکان دەکەن.

سەرۆكی هەرێم ١٨-١١-٢٠٢٣ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری كردووە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە لەو ڕۆژەدا هەڵبژاردن بکرێت، ئەوە لەکاتێکدایە لە ٣٠ ساڵی حوكمڕانی هەرێم و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆپەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووەو پەرلەمان نزیكەی نیوەی تەمەنی بە درێژكردنەوە بەسەر بردووە.