دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاردانی دواخست لەبارەی سکاڵاکان لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان

03-05-2023 02:59
ساتی دەنگدانی پەرلەمانتاران بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و ناڕەزایی سێ پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ. ٩-١٠-٢٠٢٢. وێنە؛ ماڵپەڕی پەرلەمان

پەرەگراف

حەوتەم دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵاکان لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ 24ـی ئەم مانگە دواخرا.

هەرچەندە لە دانیشتنی ڕابردوودا کە ٢٩-٣-٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، دادگاکە ئەمڕۆی دیاریکرد بۆ دەرکردنی بڕیار، بەڵام بڕیاردانی دواخست و داوا دەکات لە دانیشتنی داهاتوودا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەی دانیشتنی دادگا بێت.

لە بەرانبەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، سكاڵا لەسەر سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و كاوە عەبدولقادر، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان و یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، تۆمار كراون. دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق هەر چوار سكاڵاكەی كردووە بە یەك.

سكاڵاكاران دەڵێن، درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پەرلەمان خۆیەوە، نایاساییە و پێچەوانەی دەستووریشە. داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ی تایبەت بە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، كە لە ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كرا.