دەزگای ئاسایشی هەرێم: دۆسیەی ئارام حەسەن و شەرمین عەلی پەیوەندیی بە ئازادیی ڕادەربڕینەوە نییە

03-05-2023 03:09

پەرەگراف

دەزگای ئاسایشی هەرێم پاش یەك هەفتە لە دەستگیركردنی دوو فەرمانبەرەكەی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت "دۆسیەی ئارام حەسەن و شەرمین عەلی پەیوەندیی بە كاری ڕۆژنامەنووسی و ئازادیی ڕادەربڕینەوە نییە". دەشڵێت "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خایچی سوور و كەسە نزیكەكانیشیان سەردانیان كردوون و چاوپێكەوتنیان هەبووە".

ئارام حەسەن و شەرمین عەلی لە نیوەڕۆی چوارشەمە 26-4- 2023ـەوە لەلایەن هێزێكی ئاسایشەوە دەستگیر كراون. ڕۆژی 29-4-2023یش سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند "زانیارییەكان لەبارەی ئەو دوو فەرمانبەرەوە ناڕوونن و نە پارێزەر، نە كەسوكاریان سەردانیان نەكردوون".

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی دۆسیەكەوە بڵاو كردەوە دەڵێت "دەربارەی كەیسی هەردوو ڕاگیراو (ئارام حەسەن و شەرمین عەلی) بۆ ڕایگشتیی ڕوون دەكەینەوە كە دۆسیەی ناوبراوان هیچ پەیوەندیەكی بە كاری ڕۆژنامەوانی و ڕێكخراوەیی و ئازادی ڕادەربڕینەوە نییە".

بەپێی ڕوونكردنەوەكەی ئاسایش، ئەو دوو هاوسەرە "بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە بە ماددەی (٣٤١ )ی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون، چونكە فەرمانبەری حكومەتن و هۆكاری دەستگیركردنەكەیان ڕوونە ".

"هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا خۆیان و پەڕاویان خراونەتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش و بەڕێزیان بینیونی و وتەیانی وەرگرتووە، هەموو ڕێكارێكی یاساییان بۆ گیراوەتەبەر، دەزگای ئاسایش تەنها لایەنی جێبەجێكاری یاسایە"، دەزگای ئاسایشی هەرێم وا دەڵێت.