پەرەگراف
جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەخشەرێگایەکی بۆ دەرچوونی هەرێم لەم دۆخە و پێدانی موچەی فەرمانبەران و چارەسەری دۆخی ئابوری راگەیاند.
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکە لە کاتی ڕاگەیاندنی پڕۆژەکەدا وتی "هەرێمی کوردستان کێشەی پارەی نییە کە بدرێت بە موچە بەڵکو کێشەی گەندەڵی و دیارنەمانی پارەی هەیە و ئەگەر ئەم دۆخە بەمشێوازە بەردەوام بێت پەنادەبەینە بەر شەقام".
سەرۆکی نەوەی نوێ داواشی کرد "حکومەتێکی بچوککراوە لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی پێکبهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
دەقی نەخشەڕێگاکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ
جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە مەبەستی دەربازکردنی هەرێمی کوردستان لەقەیرانی ئابوری و بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ناهەمواری گوزەرانی هاوڵاتیان و موچەخۆران، پڕۆژەیەکی نیشتیمانی ئامادەکردوە و دەیخاتە بەر دەستی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکان بۆ دەستبەجێ جێبەجێکردنی. کە خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە:
ئهلف: نەخشە ڕێگای چارهسهری كێشهی موچهی فهرمانبهران و قهیرانی ئابوری:
یەکەم: مەلەفی نەوت بدرێتەدەست تیمێکی تەکنۆقراتی بیلایەن و سەرلەنوێ پێداچونەوە بکات بە گرێبەستەکان و شێوازی رێککەوتنەکان و کرێی کۆمپانیاکان و تێچوی بۆری گواستنهوهی نهوت، ههروهها ئاگاداربون له ڕێکەوتنی هەرێم لهگەڵ وڵاتی تورکیای هاوسێ.
دووەم: کۆکردنەوەی داهاتی هەرێم بە شێوەیەکی مەركەزی و تهواوی داهاتهكان لە ژێر دەستی وەزارەتی دارایی بێت.
سێهەم: نەهێشتنی کۆمپانیای حیزبی لە سنورەکان کە پارە و رسومات له بازرگانان و ئۆتۆمبێلهكان وەردەگرن بۆ حیزبەکان، بێ گومرگ و باج بەقاچاغ بازرگانی دەکەن، لە بری ئەوە هەموو پارە و داهاتەکان بێنە خەزێنەی حکومەت و بۆ موچەخۆران سەرف بکرێت.
چوارەم: بڕینی بودجەی پارتی و یەکێتی كه مانگانه له داهاتی نهوت و بودجهی گشتی دهروات بۆ ئهو دوو حیزبهی دهسهڵات، کە بڕهكهی مانگانە زیاتره لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار و دهڕوات بۆ تێچوی دەزگا حیزبی و میدیاکانیان و تێچوی تری ناوخۆی ئهو دوو حیزبه.
پێنجەم: وەرگرتنەوەی %٥٠ ی سەرمایەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی پارتی و یەکێتی و ههر كۆمپانیایهكی تری بازرگانی كه بە نایاسایی و بە هۆی قۆرخکارییەوە سودمهند بووه له دهسهڵاتی دوو پارتی دهسهڵاتدار، کە لەم ساتەدا سەرمایەی تەنها چوار کۆمپانیای پارتی و یەکێتی سەروو ٣٠ ملیار دۆلارە. لە کاتیکدا حکومەتی هەرێم قەرزارە و موچەی فەرمانبەرانی نییە، بەڵام ئەم سەرمایەی کۆمپانیایانە کە سەرباری ئەوەی بەشێکی بە قۆرغکاری و کاری نایاسایی دەستیان کەوتوە، بەڵام تا ئێستا هیچ باجێکیان نەداوە بە حکومەت.
شەشەم: هەموو بزنسە گەورەکانی کۆمپانیا حیزبییەکان بکەوێتە ژێر یاسای باجەوە و ئەو کۆمپانیا گەورانە زۆرترین باج بدەن و لەبەرامبەردا کارئاسانی بۆ کاسبکاران و کۆمپانیا بچوکەکان بکرێت تا مایهپوچ نهبن و بێکاری زیاتر بڵاو نەبێتەوە له ههرێم و سهدان ههزار كارمهندی كهرتی تایبهت بێ كار نهبن.
حەوتەم: بە پەلە پلانی تایبهت به كهرتی كشتوكاڵ بخرێته بواری جێبهجێكردنهوه بۆ پشتیوانیکردنی سێکتەری کشتوکال و پێداویستی بۆ جوتیاران دابین بکرێت و هانبدرێن و پشتیوانی دارایی بكرێن و ئاسانكاریان بۆ بكرێت بۆ ساغکردنهوهی كاڵاكانیان و گواستنهوهی بۆ ناو ههرێم و دهرهوهی ههرێم.
ئەم پلانەی کە تایبهتە بە چارهسهركردنی كێشهی موچه، ئەوا بەتەنها یەکێتی و پارتی چارهسهر ناکرێت و جێبەجێ ناکرێت، چونکە بەشێکی کێشەکە ئەو دوو پارته دهسهڵاتدارهن و لە ئێستادا ناتوانن ئەم جۆرە بڕیارانە بدەن کە پێویستن بۆ هاوڵاتییان و فهرمانبهران، بۆیە پێویستی بە حکومەتێکی تەکنۆکراتی بێلایەن هەیە.
بێ: نەخشە ڕێگای چارهسهری دۆخی سیاسی و ئیداری دامهزراوهكانی ههرێم:
یەکەم: دروستکردنی حکومەتی بچوکكراو بۆ ڕوبهروبونهوهی قەیرانهكان کەلەچەند وەزارەتێک زیاتر نەبێت، کە تێیدا وەزیرەکان کەسانی تەکنۆقرات و بێلایەن بن و ئیدارەدانی مەلەفی وەزارەتەکانی نەوت، دارایی، پێشمەرگە و ناوخۆ بکەوێتە دەست کەسانی تەکنۆقرات و بێلایەن و پسپۆر، تاوەکوو کەموکورتی و کێشەکانی ساڵانی رابردوو دیاریبکرێت و هەروەها چارەسەری پێویست بدۆزنەوە لەسەر هەر دوو ئاستی قۆناغەکانی ئێستا و دورمەودا.
دووەم: حکومەتە نوێیەکە و وەزارەتە تایبەتمەندەکان لێکۆڵینەوەی ورد دەکەن لە دۆسیەی دارایی و نەوت و دۆسیەکانی تر، وە هەروەها خاڵی لاواز و کێشەکان دیاری دەکرێت و چارەسەریش دەخرێتە ڕوو، وه هەموو لایەک و حکومەتە نوێیەکە کار لەسەر ئەو چارەسەرانە دەکەن.
سێهەم: گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغداد بکرێتە دامەزراوەیی و بدرێتە دەست وەفدێکی پسپۆری شارەزای لێهاتوو، بەدەر لە پارتەکانی دەسەڵات و حکومەت، کەتێکڕای دۆکیومێنت و ئەرشیفەکانی پێشووی بخرێتە بەردەست، تاوەکو بتوانن گفتوگۆی شەفافی ڕاشكاو لەگەڵ بەغداد دا ئەنجام بدەن و داواکاری هەردوولا بە وردی بخرێتە ڕوو و هاوڵاتییان و دامەزراوەکانی هەرێمیش لە ڕێی ئەو وەفدە بێلایەنە تەکنۆکراتەوە گوێبیستی کێشەکان و چارەسەرەکانیش بن.
چوارەم: گۆڕانکاری لە هەیکەلی ئەنجومەنی دادوەریی و هێنانی دادوەریی سەربەخۆ و بێلایەن و لێهاتوو بۆ ئیدارەدانی ئەو ئەنجومەنە و داڕشتنی پلان و جێبەجێکردنی پلان بۆ بەسەربەخۆییکردنی تەواوی دادگاکانی هەرێمی کوردستان.
پێنجەم: دیاریکردنی کۆمسیۆنێکی نوێی هەڵبژاردن لە دادوەر و کەسایەتی بێلایەن لە ژێر سەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان .
شەشەم: چالاککردن و بەسەربەخۆکردنی دامەزراوەکانی وەک داواکاری گشتی و چاودێری دارایی و لێکۆڵینەوە لە هەر کەموکورتییەک لە دامەزراوەکانی هەرێمدا بونیان هەبووە.
حەوتەم: دانانی پلانی پێویست لە لایەن ئەو حکومەتە نوێیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و دیاریکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی، وە پێویستە چاکسازی و گێڕانەوەی پارە و داهات تەنها کەرتی گشتی و دەزگاکانی حکومەت نەگرێتەوە، بەڵکو پێویستە تەواوی کۆمپانیاکان بگرێتەوە، بە تایبەت ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانەی کە لە ئێستادا داهاتیان لە حکومەت زیاترە و بەشێکی زۆری پارەی میلەت و داهاتی وڵات کەوتۆتە لای ئەوان.
لە کۆتاییدا پێویستە هەمومان ئەوە بزانین کە ئەم هەنگاوانە ئەمڕۆ بێت یان ١٠ ساڵی تر، ئەوا ئەم ڕێگایە تاکە ڕێگایە بۆ هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و بیرکردنەوە لە کوردستانێکی پێشکەوتوی دامەزراوەیی کە یاسا تێیدا سەروەر بێت و دامەزراوەی نیشتیمان هەبێت و هاوڵاتییان خۆشگوزەران بن و دۆخی ناهەمواری کوردستان تێپەڕێنین.جگە لەمە هیچ ڕێگا و چارەسەرێکی تر بونی نییە و دواخستنی ئەم چارەسەرانە ئەوا دەبێتە هۆی دروستکردنی قەیرانی زیاتر و تەقینەوەی دۆخەکە