٤٠ ڕۆژە هەناردەی نەوت ڕاگیراوە و بەغداد و ئەنقەرە بەڵێى کۆتاییان بۆ دەستپێكردنەوەی نەكردووە؛ هەرێم نزیکەى یەک ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە

03-05-2023 09:29

پەرەگراف

ماوەی ٤٠ ڕۆژە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە و حكومەتی هەرێم نزیکەى یەك ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە. هێشتا ئاسۆیەكی ڕوون نییە كەی هەناردەی نەوت دەست پێ دەكاتەوە. بەغدا دەڵێت "قۆناغی كۆتایی" ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم ماوە و توركیاش بێدەنگە و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتە كاریگەریی لەسەر بڕیاری ئەردۆغان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم هەیە، بۆ هەمان مەبەست عێراق و توركیا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كۆدەبنەوە.

لە نوێترین لێدوانیدا حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ئاشكرای كرد كە هێشتا لەسەر چۆنێتیی مامەڵە بە داهاتی نەوت و ئەو هەژمارەی پارەكەی تێ‌ دەكرێت، لەگەڵ حكومەتی هەرێم ڕێككەوتنیان نەكردووە و ڕایگەیاند "هیوادارین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێككەوتن لەبارەیەوە بكرێت".

وەزیری نەوتی عێراق ڕێككەوتن لەوبارەوە بە "قۆناغی كۆتایی" ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم ناو دەبات و دەڵێت "بابەتەكە پەیوەندیی بە بوودجەی گشتییەوە هەیە، لەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پارەیە دەكرێت و كێ دەتوانێت مامەڵەی پێوە بكات، كە دەبێتە بەشێك لە داهاتی گشتیی وڵات".

هەر ئەمڕۆیش مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبووەوە. تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و جەخت كراوەتەوە كە "پێویستە بە زووترین كات هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێ بكاتەوە".

ڕۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حكومەتی عێراق دەڵێت "نەوتی هەرێم لە بیرەكاندا دەیبەستێت"، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ درێژەكێشانی ڕاگرتنی هەناردەكردنی، زیانەكانی ئەو دۆخەش لەسەر حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكان كەڵەكە دەبن.

بەپێی ڕۆژنامەكە، سەرباری ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان، بەڵام بێدەنگیی توركیا ڕێگرە لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتە كە ناوەڕاستی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت، كاریگەریی لەسەر ئەو پرسە هەیە، بەوپێیەی توركیا سكاڵای بە عێراق دۆڕاندووە و ئەردۆغان نایەوێت لە ئێستادا قەرەبوو بداتەوە.

وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت "دانوستاندنیان لەگەڵ لایەنی توركی هەیە و بە وتەی بەرپرسانی توركیا، بەهۆی بوومەلەرزەكەی ئەو وڵاتەوە هێڵی فرۆشتنی نەوت زیانی پێ گەیشتووە و كۆمپانیایەك سەرقاڵی چاككردنەوەیەتی".

٤٠ ڕۆژە هەناردەی نەوتی هەرێم و كەركووك ڕاگیراوە و زیانی نزیکەى یەك ملیار و ٥٠٠ هەزار دۆلاری بە عێراق و كوردستان گەیاندووە، كە زۆربەی زیانەكە بەر حكومەتی هەرێم كەوتووە. ئەوە لە كاتێكدایە هەناردەی نەوت سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی هەرێم و پارەی مووچەی فەرمانبەرانە و هێشتا وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسان دیار نییە.

هەر لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند "چاوەڕێی گفتوگۆی كۆمپانیا نەوتییەكان دەكرا كە تەواو بووە، لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ توركیا كۆدەبینەوە بۆ ئەوەی ھەناردەكردنەوەی نەوت دەست پێ بكاتەوە".

توركیا لە ٢٥ی ئادارەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووكی ڕاگرتووە، ئەوەش دوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی لە پاریس كە بڕیاری دا بە پێدانی یەك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبوو لەلایەن توركیاوە بە عێراق، بەهۆی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان.

بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەكان، هۆكارێكی دیكەی ڕێگریی توركیا لە هەناردەكردنەوەی نەوت، ئەوەیە كە داوا دەكات عێراق لە چوارچێوەی سكاڵاكەی دادگای ناوبژیوانی لە پاریس، داوای قەرەبووی زیاتری لێ نەكات.

بۆریی هەناردەی نەوت ڕۆژانە نزیكەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێم و ٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی كەركووكی هەناردەی بەندەری جەیهان دەكرد.ماوەی مانگێكە عێراق و هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنیان واژوو كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە میكانیزمێكی نوێ و لە ڕێی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ دەستی پێ نەكردووەتەوە.

ڕۆژی ٢٣-٣-٢٠٢٣، ژووری ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە دادگای پاریس، سكاڵای دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراق یەكلا كردەوە و توركیای ناچار كرد هەناردەی نەوتی هەرێم ڕابگرێت.

وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە ناوەرۆكی سكاڵاكە ڕایگەیاند، سكاڵاكە لەلایەن عێراقەوە دژی توركیا تۆمار كراوە، لە بەرانبەر پێشێلكردنی ڕێككەوتنی ساڵی ١٩٧٣ی تایبەت بە بۆریی هەناردەكردنی نەوتی عێراق - توركیا، كە بەپێی ڕێككەوتنەكە دەبێت حكومەتی توركیا پابەند بێت بە ڕێنمایی و ڕێكارەكانی عێراق سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوت.

هەرچەندە سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕێككەوتنێكیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە واژوو كرد و بەغداد بە فەرمی داوای لە ئەنقەرە كردووە هەناردەكردنەكە دەست پێ‌ بكاتەوە، بەڵام هێشتا توركیا ڕازی نەبووە.