دۆلار جارێکی دیکە بەرزبووەوە؛ ١٠٠ دۆلار بە ١٤٦ هەزار دینارە

04-05-2023 02:12

پەرەگراف

بەهای دینار ئەمڕۆ زیاتر دابەزی و 100 دۆلار گەیشتە 146 هەزار دینار لە بازاڕەکانی هەرێم.

ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق، ١٨١ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلاری خستەڕوو، ١٠٧ ملیۆن و ٣٠٠ هەزاری بە حەواڵەو ٧٤ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلاریشی بە کاش بووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٤٤ هەزارو ٥٠٠ دینار بوو، بەڵام لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بەهای ١٠٠ دۆلار هەزارو ٥٠٠ دیناری چووەسەر، ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بوو بەهۆی ڕێوشوێنەکانی بانکی ناوەندییەوە بەهای دیناری بەرامبەر دۆلار بەرزببووەوە و 100 دۆلار لە نێوان 141 بۆ 142 هەزار دیناردا بوو.

بانکی ناوەندیی عێراق ١٠٠ دۆلار بە ١٣٠ هەزار دینار لە وەزارەتی دارایی دەکڕێت و بە ١٣١ هەزار بە بانکەکانی فرۆشێت و پێویستە بە ١٣٢ هەزار دینار بگاتە خەڵک، بەڵام بەهای دۆلار لە بازاڕ ١٤ هەزار دینار جیاوازیی هەیە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک.

بەهۆی فشارو ڕێوشوێنەکانی ئەمەریکاوە بۆ ڕێگریی لە بەقاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بازاڕی دراوی عێراق ناسەقامگیرەو سەرەتای مانگی شوبات بەھای دۆلار ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی خۆیدا تۆمارکردو ١٠٠ دۆلار گەیشتە سەرووی ١٧٥ ھەزار دینار.