قوباد تاڵەبانی: پێشوازی لەهەر دەستپێشخەرییەک دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان

04-05-2023 03:18
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریاکو باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراق

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی کە شەش مانگە بەردەوامە لە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ ڕایگەیاند، پێشوازی لەهەر دەستپێشخەرییەک دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان.

جێگری سەرۆکی حکومەت لەگەڵ باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندی یاوەری کۆبووەوەو دەڵێت "تاوتوێی چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی کوردستانمان کرد و جەختم کردەوە ناکۆکییەکان مەترسین بۆسەر پێگەی هەرێم و دەبێت هەموو لایەکمان بەرپرسیارانە هەوڵی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بدەین".

"ئێمە ئامادەین لەم پێناوەدا بۆ هەموو ئەو خاڵانەی مایەی ناکۆکین لیژنەی هاوبەش تەنانەت بە بەشداری نوێنەرانی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانەکانمان پێک بهێنین" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.

بایکۆتەکەی قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی بەهۆی کێشەو ناکۆکییەکانیانە لەگەڵ پارتی، هەرچەندە وەزیرەکانی یەکێتی لە وەزارەتەکانیان کاروبارەکان ڕایی دەکەن، بەڵام مەسرور بارزانی بەوە ڕازیی نییە کە نەچنە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کە خۆی سەرپەرشتیی دەکات و چەندین جار داوای گەڕانەوەی کردوون.

لەدوای کوژرانی ھاوکار جاف لە ھەولێرو تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی دژەتیرۆری یەکێتی بە ئەنجامدانی ئەوکارە لەلایەنئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمەوە، گرژییەکانی پارتی و یەکێتی پەرەیان سەند، مەسرور بارزانی ئەو ڕووداوە بە هۆکاری سەرەکیی بایکۆتەکەی یەکێتی لە قەڵەم دەدات و پێشتر ڕایگەیاند "یەکێتی داوای کپ کردنی دۆسیەی هاوکار جاف دەکات، ئەوەش داوایەکی ناڕەوایە".

بەڵام یەکێتی هۆکاری بایکۆتەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ "ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە خەڵکەوە هەیە"و دەڵێت "داواکاریی حیزبییان نییە"و لەدۆخی دارایی و پڕۆژەکانی سلێمانی نیگەرانن.