نوێنەرانی کونسوڵخانەکان نیگەرانی خۆیان بە یەکێتی گەیاند لەسەر پرسی ھەڵبژاردن

04-05-2023 07:09
کۆبوونەوەی شاندی نوێنەرایەتی وڵاتان لەگەڵ یەکێتی لە ھەولێر

پەرەگراف

شاندی کونسوڵخانەو نوێنەرایەتی وڵاتان سەردانی یەکێتییان کرد لەسەر پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و نیگەرانییەکانی خۆیان بەو حیزبە گەیاند، قوباد تاڵەبانی ئامادەیی یەکێتی پیشاندا بۆ هەر دەستپێشخەرییەک بۆ رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەزووترین کاتدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت رەسول هەڵوێستی یەکێتیان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن روونکردووەتەوەو رایانگەیاند، یەکێتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندایە لە نزیکترین کاتدا، "بەڵام داواکارییمان ئەوەیە کە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر و گشتگیر بێت".

جەختیشیان کردووەتەوە، "لەماوەی رابردوودا هەرێمی کوردستان لە چەندین بواری وەک پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕینو ئازادی کاری رۆژنامەگەرییەوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە و نامانەوێت بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنیشەوە رووبەڕووی رەخنەی دۆستانمان ببینەوە و ناوبانگی هەرێم لەوە زیاتر لەکەدار ببێت".

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشداوە، لە کۆبوونەوەکانی رابردوودا لەسەر زۆربەی خاڵەکان رێککەوتن کراوە و تەنها خاڵی ناکۆکی پرسیکورسی کۆتای پێکهاتەکانە. دەرباز کۆسرەت رەسول روونیکردوەتەوە دیاریکردنی کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان "هەر لەسەرەتاوە لەسەرداوای سەرۆک مام جەلال و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو و تەنانەت زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانیش بۆ ١١ کورسی هەر لەسەرپێشنیاری یەکێتی بووە. هەربۆیە یەکێتی چ لە رابردوو و چ لە ئێستادا زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە خۆی بە داکۆکیکاری مافی پێكهاتەکانی کوردستان دەزانێت".

ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی یەکێتی دەڵێن، تەنها داوای یەکێتی ئەوەیە رێوشوێنێک دیاری بکرێت کە کورسی کۆتاکان بۆ نوێنەرایەتیکردنی راستەقینەی پێکهاتەکان بێت، نەک بۆ نوێنەرایەتیکردنی حیزبە سیاسییەکان. "داواکارییەکەی ئێمە هەم لۆژیکییە و ئەوەندەش قورس نییە کەنەتوانرێت جێبەجێ بکرێت و پێویستیشە ئەمە داواکاری هەموو لایەنەکان بێت".

لە کۆبوونەوەکەدا شاندی نوێنەرانی کونسوڵخانەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە کە بەهۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنەوە ناوبانگی هەرێم لەکەداربێت و دامەزراوەکانیش شەرعییەتیان نەمێنێت، لەم چوارچێوەیەشدا داوایانکردووە هەرچی زووە رێککەوتن بکرێت.

قوباد تاڵەبانی وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو داواکارییە رایگەیاندووە "پێشوازی لە هەرجۆرە دەستپێشخەرییەک دەکەین و ئامادەین لە هەرکاتێکدا کە دۆستان و هاوپەیمانەکانمان دەستنیشانی دەکەن رێککەوتن بکەین، چونکە داواکارییەکانی ئێمە تەنها بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازاد و دادپەروەرە کە خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە هەست بکەن پەرلەمانی داهاتوو نوێنەرایەتی راستەقینەی ئیرادەی ئەوان دەکات".

شاندی نوێنەرانی کونسوڵخانەکان بریتی بوون لە جێگری کونسوڵی فەڕەنسا، نوێنەری کونسوڵخانەی هۆڵندا، کونسوڵی کۆماری چیک ونوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کە لەلایەن رۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتیی بریتانیاوە سەرپەرشتی دەکراو پێشتریش سەردانی مەسعود بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیان کرد بۆ ھەمان پرس.