یەكگرتوو و كۆمەڵ پێشوازيی گەرم لە لاهوور شێخ جەنگی دەكەن، بەڵام خۆیان لە ناوهێنانی پۆستەكەی دەپارێزن

04-05-2023 09:29

پەرەگراف

یەكگرتوو و كۆمەڵ لەسەر ئاستی باڵا پێشوازییان لە لاهوور شێخ جەنگی كرد، بەڵام هاوشێوەی گۆڕان ‏خۆیان لە ناوهێنانی پۆستەكەی پاراست. لە كۆبوونەوەكانیشدا جگە لە دۆخی سیاسیی خراپی هەرێم، ‏پرسی هەڵبژارنی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە كەركووك و ‏ناوچە دابڕێندراوەكان گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە.‏

هەرچەندە لاهوور شێخ جەنگی پاڵپشت بە بڕیارێكی دادگای ئاسایشی هەولێر، سوورە لەسەر ‏بەردەوامبوونی لە پۆستی "هاوسەرۆكی یەكێتی" و لەژێر ئەو ناوەدا دەستی بە جووڵەی سیاسی ‏كردووەتەوە، بەڵام هەریەك لە گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتوو كە تا ئێستا سەردانی كردوون و پێشوزایی گەرمیان لێ‌ كردووە، ئامادە نەبوون ‏هاوشێوەی بەر لە ڕووداوەكانی هەشتی تەمووزى 2021، بە هاوسەرۆكی یەكێتی ناوی ببەن و بەبێ‌ پۆست ناوی ‏دەهێنن.‏

پاش ئەوەی لاهور شێخ جەنگی لە ڕۆژی  19-3-2023 وەكوو "هاوسەرۆكی یەكێتی‌" دەستی بە ‏جووڵەی سیاسی كردەوە و لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان لەگەڵ عومەر سەید عەلی و بەرپرسانی باڵای ئەو ‏بزووتنەوەیە كۆبووەوە، ئەمڕۆیش لە هەولێر لەلایەن سەلاحەدین بەهادین و عەلی باپیرەوە پێشوازیی ‏لێ‌ كرا.‏

بەپێی ناوەرۆكی ڕاگەیاندراوەكانی لاهور شێخ جەنگی، لە كۆبوونەوەكاندا گفتوگۆ دەربارەی ژمارەیەك ‏پرس كراون، لەناویاندا "تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە"ی هەرێمی تێ‌ كەوتووە، كە لاهوور شێخ جەنگی ‏دەڵێت "هەڵبژاردن تەنیا چارەسەرە بۆ ئەم قۆناغە، بۆیە پێویستە پەلە بكرێت لە ئەنجامدانی ‏هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا".‏

لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، لەبارەی دۆخی كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكانیشەوە "پرۆژەیەكی ‏نیشتمانی"یان ئامادە كردووە و لەگەڵ یەكگرتوو و كۆمەڵ گفتوگۆیان دەربارەی كردووە.‏

لە چوارچێوەی پرۆژەكەیدا، لاهوور شێخ جەنگی داوای لەو دوو حیزبە كردووە كە پاڵپشت بن بۆ ئەوەی ‏‏"لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا، كورد بە یەك لیست بەشداریی پرۆسەی ‏هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بكات".‏

لاهوور شێخ جەنگی سوپاسی سەڵاحەدین بەهادین و عەلی باپیری كردووە كە وەكوو خۆی دەڵێت ‏‏"پشتیوانی"یان دەربڕیەوە بۆ ئەوەی كە "كورد لە كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكان بە یەك لیست ‏بەشداریی هەڵبژاردن بكات"‏

لە سەردانەكانی ئەمڕۆدا، هەریەك لە ژینۆ محەمەد، شادمان مەلا حەسەن و چەتۆ ساڵح یاوەریی لاهوور ‏شێخ جەنگییان كرد كە لاهوور شێخ جەنگی خۆیی بە "هاوسەرۆكی یەكێتی" و ئەوانیشی بە ‏‏"ئەندامانی سەركردایەتیی یەكێتی" ناوی بردووە.‏

لە هەردوو ڕاگەیەندراوی كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامیدا سەبارەت بە سەردانەكە، ناوی ‏پۆستی لاهوور شێخ جەنگی و هیچ كام لە ئەندامانی شاندەكەی نەهێنراوە، هەر وەكوو چۆن پێشتریش ‏گۆڕان خۆی لە ناوهێنانی پۆستەكانیان پاراست.‏

لە ڕاگەیەندراوی یەكگرتوودا هاتووە "لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ‏ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوە كرا. ئەمینداری یەكگرتوو جەختی كردەوە لەسەر زەرورەتی چاككردنەوەی ‏دۆخی ناوخۆی هەرێم و چارەسەری ئاشتییانە و یاسایی كێشەكان".‏

سەلاحەدین بەهادین ڕایگەیاندووە "یەكگرتوو لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە ‏لە كاتی خۆیدا و بە سازكردن و ئامادەكردنی زەمینەی سەرخستنی پرۆسەكە".‏

كۆمەڵی دادگەرییش دەڵێت "لە كۆبوونەوەیەكی دۆستانەدا باسی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ‏ناوچەكە كرا، هەردوولا هاوڕابوون پێویستە لەژێر هیچ پاساوێكدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ‏دوانەخرێت و لە كاتی دیاریكراودا پاش هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان و بەپێی ڕێكەوتنی لایەنەكان، ‏هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدرێت".‏

كۆمەڵ دەشڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا هەڵبژاردنی پارێزگای كەركووكیش گفتوگۆی لەبارەوە كرا و بە ‏پێویست زانرا لایەنە كوردییەكان هەوڵ بدەن لەپێناو لەدەستنەدانی كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان، ‏هەماهەنگی و ڕێكەوتنیان هەبێت".‏

ئەم جووڵە سیاسییانەی لاهوور شێخ جەنگی، دوای ئەوە دێت كە لە ٢١-٢-٢٠٢٣ لە نامەیەكدا بۆ ‏بافڵ تاڵەبانی و سەركردایەتی یەكێتی، ئاگاداری كردنەوە كە دەسەڵاتە یاسایی و پەیڕەوییەكانی خۆی ‏وەك هاوسەرۆكی ئەو حیزبە بەكار دەهێنێت‎.‎

نامەكەی لاهور شێخ جەنگی پشتی بە بڕیارەكەی دادگای ئاسایشی هەولێر بەستووە كە ئاڕاستەی ‏ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندی سیاسی یەكێتی كرد و لاهوور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆكی یەكێتی ‏لەقەڵەم دەدات هاوشانی بافڵ تاڵەبانی‎.‎