كەسوكاری سەردەشت عوسمان: تا ئەو كاتەی تاوانباران دادگایی دەكرێن، دۆسیەكە بە كراوەیی ماوەتەوە

05-05-2023 03:36

پەرەگراف

لە سیازدەیەمین ساڵیادی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسماندا، براكەی دەڵێت "تا ئەو كاتەی تاوانباران دەبرێنە بەردەم دادگایەكی دادپەروەرانە، دۆسیەی سەردەشت و هەموو دۆسیەكانی دیكە بە كراوەیی ماونەتەوە".

سیازدە ساڵ لەمەوبەر و لە كاتژمێر 8:30 خولەكی بەیانیی 4-5-2010، ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانی تەمەن 23 ساڵ، لەبەردەم كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدینی هەولێر ڕفێندرا، لە كاتژمێر 5:30 خولەكی ئێوارەی ڕۆژی داتر تەرمەكەی لە شەقامی حەی وەحدە لە شاری مووسڵ دۆزرایەوە.

ئەمڕۆ لەسەر گڵكۆكەی سەردەشت عوسمان لە گوندی گردعازەبانی سنووری هەولێر، مەراسیمێك بۆ ساڵیادی تیرۆركردنی بەڕێوە چوو. بەكر عوسمان، برای سەردەشت عوسمان، لە وتارێكدا وتی "لە ماوەی ئەم سیازدە ساڵەی دوای تیرۆركردنی سەردەشتدا، كارنامەی دەسەڵات هەموو ڕۆژێك پشتڕاستی خودی وتەكانی سەردەشتی كردەوە كە ئەو كاتە پێی وتین: ئەم دەسەڵاتە ستەمكار، گەندەڵ، مشەخۆر و تاڵانكەر، بكوژ، سەركوتكەر و كۆنەپەرستە".

بەپێی گێڕانەوەی براكەی، سەردەشت "لەبەردەم پەیمانگای هونەرە جوانەكان و بە ڕۆژی ڕووناك، بە بەرچاوی خەڵكەوە لەلایەن چەند چەكدارێكەوە بە زۆر و لێدان ڕفێندراوە. تەرمەكەشی بە دەست و قاچ بەستراوی دۆزرایەوە. هۆكار مەرگیشی ئەو فیشەكانە بوون كە نرابوون بە دەمیەوە".

بنەماڵەی سەردەشت هەموو پرۆسەی لێكۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەكان و دادگاییكردن لە دۆسیەی كوڕەكەیان بە "سیناریۆی داڕێژراو و هەڵبەستراوی گاڵتەجاڕانە" ناو دەبن.

هەر لە مەراسیمەكەدا، بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، لە وتەیەكدا دۆسیەی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمانی بە "یەكەم سیناریۆ كە لە دوای ڕاپەڕین بۆ ڕۆژنامەنووس و چالاكان دروست كرا" ناو برد.

بەشدار حەسەن وتی "ئێمە وەكوو پارێزەر و یاساناسان زۆر چاودێریی دۆسیەكەمان دەكرد، تەنیا ئەوەندەمان بینی كە هیشام ناوێك دەستگیر كراوە كە گوایە فیتەرە لە مووسڵ و لە ڕێكخراوێكی تیرۆریستیدایە، سەردەشت عوسمانی تیرۆر كردووە، بەڵام پاش ماوەیەك لە دانیشتنەكانی دادگا، گەیشتە ئەوەی كە هیشام نكووڵیی كردووە لەوەی سەردەشتی كوشتبێت و دەڵێت: من هەر سەردەشتم نەبینیوە و نایناسم".

ئەو پارێزەرە وتیشی "فەرماندەر، پیلانگێڕ و جێبەجێكار لە دۆسیەی شەهدكردنی سەردەشت عوسمان، هەموویان دەبێت بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بدرێنە دادگا و لە دادگاییكردنێكی دادپەروەرانەدا سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەربچێت".

سەردەشت عوسمان قوتابیی قۆناغی چوارەمی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر بوو. كەسوكار و ڕۆژنامەنووس و چالاكان دەڵێن كە لەسەر ئەو نووسینانەی تیرۆر كراوە كە لەسەر بەشێك لە بەرپرسانی هەرێمی نووسیوە.

ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژی ڕفاندنی سەردەشتدا، سێ ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی داكۆكیكار لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری، لە لێكۆڵینەوەیەكدا وتیا "پێدەچێت دەسەڵاتدارانی كورد لە هەرێمی كوردستان، ڕاستەوخۆ دەستیان لە ڕفاندن و كوشتنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسماندا هەبووبێت".

ئەو لێكۆڵینەوەیە بە ناونیشانی "تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان: پەردە هەڵدانەوە لەسەر بێبنەمایی گوتاری فەرمی"، ڕۆژی چوارشەممە 4-4-2022 هەریەك لە ڕێكخراوی ڕۆژنامەوانیی ئازادیی بێسنوور (FPU)، ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور (RSF) و كۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) لە ئەمیستردامی پایتەختی هۆڵەندا، بۆ ڕایگشتی بڵاویان كردەوە.

ئەو سێ ڕێكخراوە دەڵێن "دژبەیەكیی لە چیرۆكە فەرمییەكە لەم ڕووانەوە بەدی دەكرێت: ڕفاندنی سەردەشت، گواستنەوەی سەردەشت (یان تەرمەكەی) لە هەولێرەوە بۆ مووسڵ، ڕاپۆرتی فەرمیی توێكاری تەرمەكە، ئەو قسانەی كە گوایە ئەنجامدەرانی تاوانەكە سەر بە گروپی تیرۆریستی ئەنسارولئیسلام بوون، هەروەها ئەو هۆكار و پاڵنەرانەی خراونەتەڕوو سەبارەت بە تیرۆركردنەكە،"

سێ‌ ڕێكخراوەكە داواشیان كرد وڵاتان سزا بەسەر ئەو كەسایەتییانەدا بسەپێنن كە ڕێگرییان كردووە لە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی بێلایەن و شەفاف.

دوای كوشتنی سەردەشت عوسمان، دەزگا ئەمنییەكانی هەولێر "دانپێدانان"ی چەند كەسێكیان بڵاوكردەوە و تیایدا جەختیان كردەوە لەوەی "گروپێكی تیرۆریستی پەیوەندییان بە سەردەشت عوسمانەوە كردووە و چەندین جار داوایان لێ كردووە كاریان لەگەڵدا بكات، بەڵام دوای ئەوەی داواكەی ڕەت كردوونەتەوە، كوشتوویانە"، بەڵام هەرزوو ئەو "دانپێدانانە" لەلایەن كەسوكاری سەردەشت، ڕێكخراوەكان و چالاكوانان وەكوو سیناریۆی دەسەڵات بۆ ونكردنی تاوانباری سەرەكیی كەیسەكە لێكدرانەوە.

بۆ خوێندنەوەى دەقى لێکۆڵینەوەى سێ ڕێکخراوەکە کلیک لێرە بکە