فارس عیسا: ئەم هەفتەیە حکومەتی عێراق ٤٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێم دەنێرێت

06-05-2023 12:27

پەرەگراف

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە بەغداد ڕایگەیاند، ئەم هەفتەیە حکومەتی عێراق ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە بۆ هەرێم دەنێرێت کە بڕیاری داوە بۆ مووچە ڕەوانەی بکات.

فارس عیسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتووە، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە کە 400 ملیار دینار مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بنێرێت و بڕیارەکەش دەرچووە و تەنھا ماوە پارەکە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت، "بڕیارە ئەم ھەفتەیە حکومەتی عێراق ئەو 400 ملیار دینارە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت".

حکومەتی هەرێم لە دۆخێکی دارایی خراپدایە بە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە کە ٤٠ ڕۆژ زیاترە ڕاگیراوە و زیانی نزیکەى یەك ملیار دۆلاری بە كوردستان گەیاندووە، هەناردەی نەوت سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی هەرێم و پارەی مووچەی فەرمانبەرانە و هێشتا وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسان دیار نییە.

هەفتەی ڕابردوو محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەکردەوە کە ئەرکی ئەوانە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دابین بکەن و ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکەن.

هەرچەندە سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕێككەوتنێكیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە واژوو كرد و بەغداد بە فەرمی داوای لە ئەنقەرە كردووە هەناردەكردنەكە دەست پێ‌ بكاتەوە، بەڵام هێشتا توركیا ڕازی نەبووە.

بۆریی هەناردەی نەوت ڕۆژانە نزیكەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێم و ٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی كەركووكی هەناردەی بەندەری جەیهان دەكرد.ماوەی مانگێكە عێراق و هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنیان واژوو كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە میكانیزمێكی نوێ و لە ڕێی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ دەستی پێ نەكردووەتەوە.

ڕۆژی ٢٣-٣-٢٠٢٣، ژووری ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە دادگای پاریس، سكاڵای دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراق یەكلا كردەوە و توركیای ناچار كرد هەناردەی نەوتی هەرێم ڕابگرێت.