مەکتەبی سیاسی یەکێتی: ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ پارتی وەکخۆی جێبەجێ بکرێت

03-05-2020 11:42
کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ئامادەبوونی تیمی حیزبەکەیان لە حکومەت

پەرەگراف

مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە گرنگییەوە باس لە سیستمی لامەكەزی دەکات و لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: لە كۆبونەوەی دوێنێیان کە تیمی یەکێتیش لە حکومەت ئەمادەی بووە، پێداگری كراوەتەوە لەسەر پێویستی جێ‌بەجێ‌ كردنی وەك خۆی ڕێكەوتنی سیاسی نێوان ( یەکێتی و پارتی) كە لە كارنامەی كابینەی نۆی حكومەت جێگیر كراوە.

دەقی راگەیەندراوەکە

ئیوارەی دوێنێ‌ (2/5/2020) بەسەرپەرشتی هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ی.ن.ك، مەكتەبی سیاسی لە دەباشان، لە شاری سلێمانی كۆبوەوە.

لە كۆبونەوەكەدا، كە قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداربون، بارودۆخی سیاسی و باری گوزەران و ژیانی هاوڵاتیان و پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و دۆخی نالەباری ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكان و مەترسی سەرلەنوێی داعش و كاروباری ناوخۆی حیزبی بە ووردی تاووتوێ‌ كران. سەبارەت بە هەوڵەكانی شاندی حكومەتی هەرێم لە بەغدا، كۆبونەوە وێڕای دەست خۆشی لە هەوڵ و كۆششی وەفدەكە بۆ چارەسەری كێشەی موچە و شایستە دارای یەكانی هەرێم، بە گرنگی یەكی زۆرەوە لەسەر هۆكار و لێكەوتەكانی ئەم پرسە وەستاو، دابین كردنی موچەی فەرمانبەران و پاراستنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی لە ئێستادا بە ئەركی هەرە سەرەكی حكومەتی هەرێم داناو لە وكاتەی سەرباری ئەو دۆخە سەختەی پەتای كۆرۆنا بۆ هەموانی دروست كردووە، نەبونی و هەژاریش بەرۆكی زۆرینەی خەڵكی كوردستانی گرتووە كە بەداخەوە تا دێت بەرەو خراپتریش دەڕوات.

لە تەوەرێكی تری كۆبونەوەكەدا، بە گرنگی یەوە باس لە سیستمی لامەكەزی كرا و كۆبونەوەكە پێداگری كردەوە لەسەر پێویستی جێ‌ بە جێ‌ كردنی وەك خۆی ڕێكەوتنی سیاسی نێوان ( ی.ن.ك وە پ.د.ك) كە لە كارنامەی كابینەی نۆی حكومەت جێگیر كراوە و لە ئێستادا، بۆتە داخوازیەكی جەماوەری و ئەنجومەنە هەڵبژیراوەكان، بەتایبەت پاش ئەزمونی سەركەوتووی ئیدارە خۆجێ‌یەكان لە بەڕێوە بردنی ئەو قەیرانەی پەتای كۆرۆنا ، لە دونیا و لە هەرێمدا هێنایەكایەوە.

سەبارەت بە پەیوەندی یە سیاسییەكانی یەكێتی و حیزب و لایەنە سیاسییەكان، كۆبونەوە جەختی كردەوە، لەسەر پەرەپێدان و پتەوكردنی هەرچی زیاتری ئەو پەیوەندیانەیە بە ئاراستەی یەك دەنگی و یەك ڕیزی و هەماهەنگی لە پێناو هێنانەدی خواستەكانی خەڵكی كوردستان و پاراستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك هەوێنی هەمیشەیی یەك ڕیزی نیشتمانی و وەك ئەمانەتێكی سەرۆك مام جەلال كە لە ئەستۆی ئێمەی یەكێتی یەكاندایە.

مەكتەبی سیاسی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
3/5/2020