سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران مەترسییەكانی سەر پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بوودجەدا ئاشكرا دەكات

06-05-2023 05:30

پەرەگراف

سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات دەربارەی "چەندین دەق و دەستەواژە"ی ناو پڕۆژەیاسای بووجەی عێراق كە "دەتوانن بەربەست و كاریگەریی گەورە لەسەر بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان" دروست بكەن. ژمارەیەك چارەسەریش بۆ ئەو گرفتە دەخاتە ڕوو. دەشڵێت "کات لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە و درەنگە، بەڵام هێشتا دەرفەتیش ماوە".

بەپێی ئەو شیكاری و داتایانەی ئامانج ڕەحیم خستویەتیە ڕوو، كۆی گشتیی پشكی هەرێمی كوردستان لە بووجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ٢٠ ترلیۆن و ٤٨٦ ملیار دینارە، بەڵام ژمارەیەك بڕگەی دیكە لەناو پرۆژەكەدا زیاد كراون كە دەنە لەمپەر لەبەردەم ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم.

ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە وتارێكدا كە پەرەگراف بڵاوی كردووەتەوە، ئەوەی خستووەتە ڕوو كە لە پرۆژەیاسای بوودجەدا "دەستەواژەی خەرجیی فیعلی وەكوو بنەما بۆ هەژماركردنی بەشی هەرێمی كوردستان بەكار هێندراوە"، كە ئەو دەستەواژەیە وا دەكات وەزارەتی دارایی عێراق "ڕێژەی ١٢.٦٧%ی پشكی هەرێم لەسەر بنەمای داهاتی بەردەستی خەرج بكات".

بەهۆی جێگیركردنی ئەو دەستەواژەیەوە كە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە پەیسوەت بە پشكی هەرێم زیاد كراوە، پشكی هەرێم لەو بەشەی داهات دەدرێت كە لەبەردەستی وەزارەتی داراییدایە و بڕەكەی بە ١٣٤ ترلیۆن و ٥٥٣ ملیار دینار خەمڵێندراوە، نەك كۆی خەرجییەكان كە بە ١٩٩ ترلیۆن و ٢٢ ملیار دینار دانراوە.

"ئاستەنگی ڕێژەی تەرخانكراوی مووچەی هەرێمی كوردستان لە چاو بەغدا، ئەگەر (خەرجیی فیعلی) بكرێتە بنەما، ئەوا كۆی گشتیی تەرخانكراوی مووچە لە سەرتاسەری عێراق ٥٩ ترلیۆن دینارە و ئەوەی هەرێمی كوردستان ٩ ترلیۆن دینارە. بەم شێوەیە مووچەی هەرێمی كوردستان ڕێژەی ١٥.٢٥% تەرخانكراوی مووچەی عێراق پێك دەهێنێت، ژمارەی مووچەخۆرانی عێراق چوار ملیۆن و ٩٦ هەزار و ٨٠١ فەرمانبەرە و هەرێمی كوردستان ٦٨١ هەزار و ٩٧٩ فەرمانبەرە. بەم شێوەیە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕێژەی ١٦.٦% لە ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق پێك دێنێت، نەك ڕێژەی ١٢.٦٧%."، ئامانج ڕەحیم وا دەڵێت.

هەر وەكوو ئامانج ڕەحیم باسی كردووە، دەستەواژەیەكی نوێش هاتووەتە كایەوە كە مەترسییە بۆ سەر پشكی هەرێم لە بووجەدا، دەڵێت "هەژماركردنی بەشی هەرێمی كوردستان لە هیچ حاڵەتێكدا نابێت لە ڕێژەی داهاتی نەوتی و بەشی گەنجینە لە داهاتی خاڵە سنوورییەكان زیاتر بێت".

سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم پێی وایە ئەم دەستەواژە نوێیە تا ئاستێك مەترسییە كە "هیچ نرخێك بۆ ئەو ژمارانە نامێنێتەوە كە لە خشتەكانی هاوپێچی بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان جێگیر كراون. بەمەش وەكوو ساڵانی پێشوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ، هەرێمی كوردستان لەبەردەم حكومەتی فیدراڵیدا قەرزدار دەكات، هەروەك لە ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢".

هەروەها پارەی پێویست بۆ پڕكردنەوەی خەرجییەكانی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و گواستنەوەی بڕی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان، كێشەیەكی دیكەی پشكی هەرێمە لە پرۆژەیاسای بوودجە، بەوپێیەی ئامانج ڕەحیم دەڵێت، تێچووەی ئەو پرۆسەیە "لەلایەن كۆمپانیای وردبینیی (دیلۆیت)ـەوە بە بڕی پێنج ملیار و ١٤٩ ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە، كە دەكاتە شەش ترلیۆن و ٦٩٤ ملیار دینار، بەڵام لە پرۆژەیاسای بوودجەدا لەناو خەرجییەكانی (النفقات السیادیە)دا تەنها بڕی سێ ترلیۆن و ٨٧٦ ملیار دینار دانراوە، بەم شێوەیە كورتهێنانێكی گەورە دروست دەبێت بە بڕی دوو ترلیۆن و ٨٢٠ ملیار دینار".

سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە ئاماژەدان بەوەی "لەمە بەدواوە حكومەتی عێراق بەرپرسە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان، چیدیكە بە میكانیزمی ساڵانی پێشوو مامەڵە لەگەڵ داهاتی نەوتیی هەرێمی كوردستان ناكرێت و بەغدا دەبێتە تاكە سەرچاوەی داهاتی پێویست بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان"، ژمارەیەك پێشنیاری بۆ چارەسەر خستووەتە ڕوو.

دیارترین پێشنیارەكان "لابردنی دەستەواژەی (النفقات الفعلیە)، لابردنی ئەو دەستەواژە نوێیەی كە دەڵێت: هەژماركردنی بەشی هەرێمی كوردستان لە هیچ حاڵەتێكدا نابێت لە ڕێژەی داهاتی نەوتی و بەشی گەنجینە لە داهاتی خاڵە سنوورییەكان زیاتر بێت".

هەر وەكوو لە وتارەكەی ئامانج ڕەحیمدا هاتووە، هەرێمی كوردستان سێ‌ پابەندیی دیاری لە بوودجەدا هەیە، كە بریتین لە "هەناردەكردنی بڕی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا لەسەر بنەمای نرخی فرۆشتنی كۆمپانیای سۆمۆ كە مانگانە داهاتەكەی بە یەک ترلیۆن و٩٢ ملیار دینار دەخەمڵێندرێت، ڕێژەی ٥٠% لە داهاتی دەروازە سنوورییەكان كە مانگانە بە ٦٥ ملیار دینار دەخەمڵێندرێت، قیستی مانگانەی پابەندی بەرامبەر بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) كە مانگانە ٥٣ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینارە".

ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆتایی وتارەكەیدا دەڵێت "مەبەست لە خستنەڕووی ئەم بابەتە بەم وردەكارییەوە، زیاتر بۆ بەرچاوڕوونیی خوشك و برایانی كوردستانییە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەتایبەتتریش ئەندامانی هەردوو لیژنەی دارایی و یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و هەروەها لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی بەشدار لە (هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت)ـە".

* بۆ خوێندنەوەی دەقی وتارەكە كلیك لێرە بكە