نرخی مریشك هاڕەی كردووە و خاوەنی كێڵگە ‏پەلەوەرییەكان دەڵێن: بەهۆی بێپلانیی حكومەتەوەیە

07-05-2023 03:19

پەرەگراف

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی دەڵێت "نرخی ‏مریشك هاڕەی كردووە و خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكان ‏زەرەر دەكەن". خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكانیش دەڵێن، لە ‏ئێستادا "كیلۆیەك مریشك لەناو پرۆژە بە هەزار و دینار ‏دەفرۆشن، كە زیاتر لە سێ‌ هەزار دینار لەسەر خاوەن ‏پرۆژەكان دەكەوێت".‏

خاوەنی كیڵگە پەلەوەرییەكان لەگەڵ ژووری بارزگانیی ‏سلێمانی كۆبوونەوە و، یاسین ڕەحیم، جێگری سەرۆكی ‏ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، دەڵێت ‏‏"بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقی و پیشەییمان بەرانبەر ‏ئەندامەكانمان و پرۆژەكان هەیە، نامانەوێت هەڵەی ‏كاركردن یان هاوردە و هەناردەكردن ببێتە هۆی ‏زیانگەیاندن بە خاوەن پرۆژەكانمان".‏

نازم عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، ‏هۆكاری بەرز و نزمیی نرخی مریش بۆ "بێپلانیی ‏حكومەت دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "مریشك دابەزێت و بەرز ‏ببێتەوە، خەتای حكومەتی هەرێمە. ئێمە دەیان جار ‏داوامان لە حكومەت كردووە نرخێكی یەكگرتوو بۆ مریشك ‏دیاری بكات".‏

یەكێك لە كێشەی خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەری، ڕێگریی ‏جاروبارە لە هەناردەی مریشك بۆ پارێزگاكانی عێراق بە ‏تایبەت لەلایەن قائیمقامی كەلارەوە، كە وەكوو خاوە ‏كێڵگەكانی پەلەوەری دەڵێن، بە پاساوی هەرزانكردنی ‏مریشك لە ناوخۆدا ئەو كارە دەكات.‏

سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان دەڵێت "لە ‏قەڵادزێوە تاكوو كەلار 180 هەزار كەس لەم كەرتەدا كار ‏دەكەن و سەرمایەكەی بە 20 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، ‏كارێكی بێ‌ مانا و هەڵەیە ئایندەمان لەژێر دەستی ‏قائیمقامی كەلاردا بێت".‏