پارتی: هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا؛ قوباد تاڵەبانی: هەندێك خاڵی ناكۆك ‏لەسەر ‏كورسیی كۆتاكان ماوە

07-05-2023 09:03

پەرەگراف

باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغداد بۆ گفتوگۆ دەربارەی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم ‏و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد، بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ‏كۆبووەوە. پارتی جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی دەكاتەوە و ‏قوباد تاڵەبانیش دەڵێت "تەنها هەندێك خاڵی ناكۆك ‏لەسەر كورسیی كۆتاكان ‏ماوە، كە ئەوانیش قابیلی چارەسەركردنن و گەشبینین".‏

مایك برایسن ڕیچاردسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و ڕۆزی كەیڤ، كونسوڵی ‏گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان، بە جیا لەگەڵ مەسعود بارزانی، ‏سەرۆكی پارتی دیموكرات و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ‏قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبووەوە.‏

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕێ‌ حكومەتی هەرێم، لە كۆبوونەوەی سەرۆكی حكومەت و ‏باڵیۆزی بەریتانیا، "گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و ‏گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ كرا".‏

سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوە داوە كە "دوای واژووكردنی ڕێككەوتنی تایبەت ‏بە نەوت، هەرێمی كوردستان هەموو ئەرك و پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ ‏كردووە". مەسرور بارزانی وتووشیەتی "چاوەڕوانین حكومەتی فیدراڵ ئەرك و ‏بەرپرسیاریەتییەكانی خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات".‏

دەربارەی دۆخی هەرێمی كوردستانیش، هەردوولا "هاوڕابوون لەسەر گرنگیی ‏ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆی ‏لەمساڵدا".‏

لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی مایك برایسن ڕیچاردسنیشدا جەخت لە ‏‏"پەرەپێدان و باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان و حكومەتی ‏فیدڕاڵ" كراوەتەوە.‏

بارەگای بارزانی دەڵێت "هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی ‏كوردستان تاوتوێ كرا و جەخت لە پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی ‏‏دیاریكراوی خۆی كرایەوە".‏

‏"لە ماوەی ڕابردوودا كۆبوونەوەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسی ‏هەڵبژاردن ئیجابی بووە و تەنها هەندێك خاڵی ناكۆك ‏لەسەر كورسیی كۆتاكان ‏ماوە، كە ئەوانیش قابیلی چارەسەركردنن و گەشبینین لە ماوەی نزیكی ‏داهاتوودا ڕێككەوتنی كۆتایی ‏بكرێت"، ئەمە قسەی قوباد تاڵەبانییە دوای ‏كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا.‏

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "لەگەڵ مارك برایسن ڕیچاردسن ‏گفتوگۆشمان كرد لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی كوردستان. باسمان ‏لەوە كرد لە ‏ئێستادا هەندێك هەوڵ هەیە بە ئاراستەی هێوربوونەوە و چارەسەركردنی ‏كێشەكان".‏