حكومەتی هەرێم دووەم دەروازەی نێودەوڵەتی لەگەڵ توركیا دەكاتەوە

08-05-2023 02:28
دەروازەی نێودەوڵەتيی زێت

پەرەگراف

حكومەتی هەرێم دووەم دەروازەی نێودەوڵەتی لەگەڵ توركیا دەكاتەوە. دەروازەكە دەكەوێتە سنووری ‏ئیدارەی سۆران و سەرەتا تەنیا بۆ هاتوچۆی گەشتیاری دەبێت.‏

دەروازە نێودەوڵەتییەكە ناوی (زێت)ـە و دوای ساڵێك لە كاركردنی بەردەوام لەسەر پڕۆژەی ‏دروستكردنی ڕێگای سەرەكیی دەروازەكە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، ئەم ‏هەفتەیە بە فەرمی دەكرێتەوە.‏

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ‏حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند "لە مەراسیمێكی فەرمیدا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا، ئەم هەفتەیە بە فەرمی سنووری نێودەوڵەتیی زێت بە ڕووی ‏گەشتیاراندا دەكرێتەوە، لە قۆناغی دووەمیشدا كار بۆ ئەوە دەكرێت تێیدا بزاڤی بازرگانی وەگەڕ ‏بخرێت".‏

هەروەها بۆ مەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە، ڕۆژی یەكشەممە ٧ـی ئایار، فەریق ڕوكن ‏عیسا عوزێر، سەرۆكئەركانی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە یاوەریی ‏چەند بەرپرسێكی سەربازی سەردانی دەروازەكەیان كرد و لەلایەن قایمقامی قەزای مێرگەسۆریشەوە، ‏بۆ یەكەمجار ئاڵای كوردستان لەو دەروازەیە هەڵدرا‎.‎

دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت، كە لە دوای ئیبراهیم خەلیل دەبێت بە دووەم دەروازەی نێودەوڵەتی لە ‏نێوان هەرێم و توركیا، دەكەوێتە سنووری ناحیەی شێروانمەزن، لە قەزای مێرگەسۆری سەر بە ‏ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.‏