مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە هەولێر كۆبوونەوە

08-05-2023 03:02

پەرەگراف

مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە هەولێر كۆبوونەوە و هەردوولا "كۆك بوون لەسەر چارەسەری ‏گشت كێشەكان بە ڕێگەی گفتوگۆ"، ئەوە یەکەم دیداریانە لەدوای زیاتر لە شەش مانگ لە بایکۆتی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن تیمی وەزاری یەکێتی.

ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم بڵاوی كردەوە "ئەمڕۆ دووشەمە 5/8، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ‏هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت كرد".‏

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی حكومەت "لە كەشێكی ئەرێنیدا تاوتوێی كێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەكانی ‏بەردەم حكومەتی هەرێم كرا و هەردوولا كۆك بوون لەسەر چارەسەریی گشت كێشەكان بە ڕێگەی ‏گفتوگۆ و هاوكاریی نێوان گشت كوتلە وزارییەكانی ناو كابینە".‏

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خراوەتە سەر "دوا دۆخی سیاسیی هەرێم و ناوچەكە و جەخت ‏لەسەر پاراستنی تەبایی و یەكڕیزیی ناوخۆیی كرایەوە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانی و ‏مافە دەستوورییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان".‏

پێشتر مەسرور بارزانی چەند جارێک داوای لە تیمی وەزاریی یەکێتی کرد بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی سوربون لەسەر بەردەوامیدان بە بایکۆت.

ھەرچەندە لە ھەواڵی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی باسی گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی نەکراوە بۆ کۆبونەوەکان،بەڵام پێدەچێت سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی یەکەم ھەنگاوی شکاندنی بایکۆت بێت.

لە ماوەی بایکۆتی تیمی یەکێتی بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، چەندین جار لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانی هەرێم و دۆستی پارتی ویەکێتی فشار لەو دوو حزبە کراوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، دواهەمینیان باربارا لیف یاردەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکابوو، کە لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەردوولا کۆبووەوە و چارەسەری کێشەکانی لەگەڵ تاوتوێ کردن.

بایکۆتەکەی تیمی وەزاریی یەکێتی بەهۆی کێشەو ناکۆکییەکانی ئەو حزبەیە لەگەڵ پارتی، هەرچەندە وەزیرەکانیان لە وەزارەتەکان کاروبارەکان ڕایی دەکەن، بەڵام مەسرور بارزانی بەوە ڕازیی نییە کە نەچنە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کە خۆی سەرپەرشتیی دەکات.

لەدوای کوژرانی ھاوکار جاف لە ھەولێرو تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی دژەتیرۆری یەکێتی بە ئەنجامدانی ئەوکارە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمەوە، گرژییەکانی پارتی و یەکێتی پەرەیان سەند، مەسرور بارزانی ئەو ڕووداوە بە هۆکاری سەرەکیی بایکۆتەکەی یەکێتی لەقەڵەم دەدات و پێشتر ڕایگەیاند "یەکێتی داوای کپکردنی دۆسیەی هاوکار جاف دەکات، ئەوەش داوایەکی ناڕەوایە".

بەڵام یەکێتی هۆکاری بایکۆتەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ "ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە خەڵکەوە هەیە"و دەڵێت "داواکاریی حیزبییان نییە"و لەدۆخی دارایی و پڕۆژەکانی سلێمانی نیگەرانن.