وەزیری دارایی: ڕاگرتنی نەوت كێشەی گەورەی بۆ مووچە دروست كردووە

08-05-2023 06:58
كۆبوونەوەی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم و د. تۆركیلد بیوگ، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەورووپا

پەرەگراف

وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت "ڕاگرتنی نەوت كێشەی گەورەی بۆ مووچەی ‏فەرمانبەران دروست كردووە و هیوادارین حكومەتی عێراق بەڵێنەكانی خۆی بۆ دابینكردنی مووچەی ‏فەرمانبەران بباتە سەر".‏

ئاوات شێخ جەناب لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەورووپا لە ‏هەرێمی كوردستان، وتیشی "ئەولەویاتی ئێمە جێبەجێكردنی ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدایە لە ‏سەر نەوت و بودجە، لەو چوارچێوەیەشدا هەرێمی كوردستان هەموو داواكارییەكانی جێبەجێ ‏كردووە".‏

وەكوو وەزیری دارایی ئاماژەی پێ‌ داوە، ئێستا حكومەتی هەرێم "چاوەڕێی عێراق و توركیایە بۆ ‏دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و چارەسەركردنی ئەو كێشە سیاسی و ‏تەكنیكییانەی لەبەردەم پرۆسەكەدا ماون".‏

ئەم قسانەی وەزیری دارایی لە كاتێكدایە دوێنێش سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "دوای ‏واژووكردنی ڕێككەوتنی تایبەت ‏بە نەوت، هەرێمی كوردستان هەموو ئەرك و پابەندییەكانی ‏خۆی جێبەجێ ‏كردووە". وتیشی "چاوەڕوانین حكومەتی فیدراڵ ئەرك و ‏بەرپرسیاریەتییەكانی ‏خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات".‏

لە كۆبوونەوەی لەگەڵ د. تۆركیلد بیوگ، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەورووپا، ‏ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێم، ڕێكەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوت ‏و پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بوودجەی فیدراڵیی ڕوونكردووەتەوە و ڕایگەیاندووە "بنەمای ‏ڕێكەوتنەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق".‏

وەزارەتی دارایی دەڵێت "بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەورووپا پشتیوانیی ‏یەكێتیی ئەورووپای بۆ ڕێكەوتنی هەرێمی كوردستان و بەغداد دوپات كردەوە و هیوای خواست بە ‏زووترین كات هەڵبژاردن لە هەرێمی كورستان ئەنجام بدرێت و كێشە سیاسییەكان چارەسەر بكرێن".‏